ئەنجوومەنی فەتوا: خۆدزینەوە لە باج بە گرێبەستی ساختە حەرامە و فرۆشتنەوەی کاڵای قیست مەرجدار دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
09:22 - 14/10/2026
کوردستان
+
-

ئەنجوومەنی فەتوا: خۆدزینەوە لە باج بە گرێبەستی ساختە حەرامە و فرۆشتنەوەی کاڵای قیست مەرجدار دەکرێت


ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لە نوێترین کۆبوونەوەیدا، دوو فەتوای شەرعی سەبارەت بە مامەڵە داراییەکان و مافی کارمەندان دەرکرد

. لە فەتوای یەکەمدا، فرۆشتنەوەی کاڵای قیست بە هەمان فرۆشیار پێش تەواوبوونی قیستەکانی بە کارێکی نادروست و (مەکروهـ) داناوە و سێ مەرجی قورسی بۆ دروستبوونی دیاریکردووە.

لە فەتوای دووەمیشدا، کردەوەی ئەو کۆمپانیا و قوتابخانە تایبەتانەی کە دوو گرێبەستی جیاواز بە کارمەندان واژۆ دەکەن بۆ خۆدزینەوە لە باج، بە "غەش و حەرام" ناوبردووە و داوا لە حکوومەت دەکات ڕێگری لەو زوڵمە بکات.


یەکەم: فەتوای فرۆشتنەوەی کاڵای قیست بە هەمان فرۆشیار

حوکمی شەرعی: باشترە ئەم مامەڵەیە نەکرێت؛ لای زۆربەی مەزهەبەکان نادروستە و لای شافعییەکانیش پەسەند نییە (مەکروهـ)ـە.

مەرجەکانی دروستبوون (لە ئەگەری ناچاریدا):
١. نابێت هیچ ڕێککەوتن و پیلانێکی پێشوەختەی لەسەر کرابێت.
٢. دەبێت کڕیار بە تەواوی کاڵاکەی وەرگرتبێت و مافی مامەڵەپێکردنی هەبێت.
٣. کاتی دانەوەی قیستی یەکەمی مامەڵەکە بە تەواوی و بەڕوونی دیاریکراو بێت.

دووەم: فەتوای دوو گرێبەستی جیاواز لە کەرتی تایبەت

جۆری سەرپێچییەکە: کۆمپانیا و قوتابخانە تایبەتەکان دوو گرێبەست دەکەن؛ یەکێکیان بە پارەی زۆر بۆ لایەنی حکوومی (بۆ خۆدزینەوە لە باج)، ئەوی دیکەیان بە پارەی کەم و کاری زیاتر بۆ کارمەندەکە.

حوکمی شەرعی کۆمپانیاکان: ئەم کارە دەچێتە خانەی خواردنی ماڵی خەڵک بە ناڕەوا، وە "حەرام و غەش و فێڵکردنە".

مافی کارمەند و مامۆستایان: مووچەکەیان حەڵاڵە، بەڵام ئەگەر توانیان پێویستە ڕاستییەکان لە لیژنەکانی پشکنین نەشارنەوە.

داواکاری لە حکوومەت: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونی توند بکەن و کۆتایی بەم زوڵمە بهێنن.

135 جار خوێندراوەتەوە