وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم: دەتوانین هێلکە و مریشک بۆ تەواوی عێراق دابین بکەین

KNN : Kurdish News Network
09:51 - 11/10/2026
ئابوری
+
-

بڕیارێکی حکومەتی عێراق بۆ هەڵگرتنی باج لەسەر هاوردەکردنی هێلکە و مریشکی بەستوو، ناڕەزایەتیی توندی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی لێکەوتەوە. ئەم هەنگاوەی بەغدا کە دوابەدوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دێت، مەترسیی گەورە لەسەر ساغبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی دروست دەکات.

 

لە وەڵامی ئەو بڕیارەدا، بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هۆشدارییان دا لە لێکەوتە خراپەکانی لابردنی باج لەسەر ئەو بەرهەمە هاوردانە. ڕایانگەیاند، هەرێمی کوردستان نەک تەنها توانای پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆی هەیە، بەڵکو دەتوانێت مریشک و هێلکە بۆ سەرانسەری عێراق دابین بکات.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکە، کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن ساڵانە (350) هەزار تۆن مریشک و سێ ملیار هێلکە هەناردەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بکەن. بۆ پاراستن و پشتیوانیکردنی ئەم بەرهەمە ناوخۆییەش، ماوەی حەوت ساڵە هاوردەکردنی مریشک و هێلکە بۆ ناو هەرێمی کوردستان قەدەغە کراوە.

109 جار خوێندراوەتەوە