بانکی ناوەندیی
عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا ئامانجی سەرەکییان پاراستنی بەهای دینارە بەرامبەر
بە دراوە بیانییەکان و جەختیش دەکاتەوە؛ بەهۆی ئەوەی ئابووریی عێراق پشتی بە
داهاتی نەوت بەستووە، پرسی نرخی گۆڕینەوەی دراو گرنگییەکی هەستیار و چارەنووسسازی
هەیە.
سەمیر فەخری،
نوێنەری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە دیداری (مێری) لە هەولێر ڕایگەیاند،
سەرچاوەکانی داهاتی عێراق پشتی بەستووە بە خواست لەسەر دۆلار لە دەرەوە،
خەرجییەکانی حکومەتیش بە دینار بزوێنەری سەرەکیی ئابووریی وڵاتەکەیە. ئاماژەی
بەوەش کرد، هەر دینارێک کە لە بودجەی گشتیدا خەرج دەکرێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی
خواست لەسەر دۆلار لەڕێگەی بانکی ناوەندییەوە، ئەمەش بەهۆی لاوازیی بەشداریی کەرتە
ئابوورییە ناوخۆییەکانە لە بەرهەمی ناوخۆییدا.
نوێنەرەکەی
بانکی ناوەندی هۆشداری دەدات کە لە سەدا 60 بۆ 70ـی ئەو دینارەی لە ناوخۆدا خەرج
دەکرێت، دووبارە دەگەڕێتەوە و دەبێت بە خواست لەسەر کڕینی دۆلار. هاوکات جەختی لە
گرنگیی گەشەپێدانی کەرتی تایبەت کردەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەی سەر دۆلار،
بەتایبەت کە ئێستا هەناردەی عێراق بەڕێژەی 98٪ پشتی بە نەوت بەستووە و داهاتە
نەوتییەکانیش 93٪ـی کۆی داهاتی گشتیی وڵات پێکدەهێنن.
109 جار خوێندراوەتەوە