حکومەتی عێراق ڕێکارێکی خێرا دەگرێتەبەر بۆ دابەزاندنی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا

KNN : Kurdish News Network
03:52 - 10/10/2026
ئابوری
+
-

حکومەتی عێراق بڕیاریدا وەرگرتنی باج و گومرک لەسەر هاوردەکردنی هێلکە، مریشک و ئاژەڵی زیندوو ڕابگرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی خێرا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا.

 

قوسەی حەتاب، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند؛ بە ڕاسپاردەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران، بڕیاری هەڵگرتنی باجەکان دراوە بۆ زیادکردنی خستنەڕوو و دابەزاندنی نرخەکان. هۆکاری گرانبوونی خۆراک و بەتایبەت تەبەقەی هێلکەشی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و مامەڵەی هەندێک لە بازرگانان گەڕاندەوە.

 

سەبارەت بە بەروبوومە سەوزەواتییەکان، وتەبێژەکەی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر بەهۆی زۆریی بەرهەمی ناوخۆییەوە هاوردەکردنی تەماتە، خەیار و باینجان قەدەغە کرا بوو. ڕوونیشیکردەوە کە وەرزی زۆریی بەرهەمی ناوخۆ 40  بۆ 50 ڕۆژ دەخایەنێت و لیژنەکانیان ڕۆژانە چاودێریی عەلوەکانی بەغدا (جەمیلە، ڕەشید و زوبەینی) دەکەن بۆ دیاریکردنی کاتی کردنەوەی دەرگای هاوردەکردن.

 

وەزارەتی کشتوکاڵ جەخت دەکاتەوە کە دەستەوەستان نابن بەرامبەر گرانبوونی بازاڕ و ڕۆژانە لیستی نرخەکان بڵاودەکەنەوە، ئامانجیشیان دروستکردنی هاوسەنگییە لە نێوان پاراستنی جوتیارانی ناوخۆ و دابینکردنی خۆراک بە نرخێکی گونجاو بۆ هاووڵاتییان.

123 جار خوێندراوەتەوە