حکومەتی هەرێمی
کوردستان دەیەوێت تا کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی بە قەیرانی 30 ساڵەی کارەبا بهێنێت و
لەڕێگەی پڕۆژەی (ڕووناکی)یەوە کارەبای 24 کاتژمێری دەگەیەنێتە سەرانسەری هەرێم،
هاوکات پلانێکی ئامادە کردووە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی سەر هاووڵاتییان لە
وەرزی زستاندا.
عەزیز ئەحمەد،
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تا ئێستا
پڕۆژەی ڕووناکی گەیشتووەتە 85٪ی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆی دوو ملیۆن
هاوبەش ئاساییە تا 30 هەزار ماڵ کێشەی تەکنیکی و گلەییان هەبێت، گرنگیش ئەوەیە
حکومەت چۆن مامەڵە لەگەڵ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەکات.
لەبارەی نرخی
کارەباوە، ئەو بەرپرسەی حکومەت دەنگۆی دیاریکردنی بڕی 20 هەزار دیناری بۆ هەر
ماڵێک لە زستاندا ڕەتکردەوە. بەڵام ئاشکرای کرد، لە یەک بۆ دوو هەفتەی
داهاتوودا پێشنیازێک دەدەنە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی لە زستاندا کە خواست لەسەر
کارەبا زۆرە، بارگرانیی سەر هاووڵاتییان کەمبکرێتەوە و قەرەبووی سێ مانگی
ڕابردووشیان بۆ بکرێتەوە.
پڕۆژەکە لەڕووی
داراییەوە ڕووبەڕووی کورتهێنانێکی گەورە بووەتەوە؛ تێچووی مانگانەی پڕۆژەی ڕووناکی
دەگاتە 200 ملیۆن دۆلار، لەکاتێکدا ئەو داهاتەی بۆ کەرتی کارەبا تەرخان دەکرێت
کەمترە لە 60 ملیۆن دۆلار. عەزیز ئەحمەد جەختی کردەوە، ئامانجیانە جگە لە
پێدانی کارەبای بەردەوام، کەرتی کارەبا بگاتە ئاستی خۆبژێوی، چونکە ئێستا
داهاتەکەی بەشی کەمتر لە نیوەی خەرجییەکانی دەکات.
159 جار خوێندراوەتەوە