بەرپرسی
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەموو
دەستپێشخەرییەک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و ئاساییکردنەوەی دۆخی هەرێمی
کوردستان بە گرنگ دەزانن، بەتایبەتی ئەگەر لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە بێت. ئاماژە
بەوەش دەکات، ئەگەر لایەنەکانی دیکە هەنگاوێک بێنە پێشەوە، ئەوان سەد هەنگاو دەچنە
پێشەوە.
هوشیار
سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا
بۆ کەی ئێن ئێن ڕایگەیاند: "هەر دەستپێشخەرییەک بە ئاڕاستەی پێکهێنانی حکومەت
و نەهێشتنی ئەم چەقبەستووییە سیاسییەی هەرێمی کوردستان بێت، کارێکی باشە."
جەختیشی لەوە کردەوە کە پارتی لە ڕابردووشدا دەستپێشخەریی کردووە و بەردەوامیش
دەبێت لەو هەوڵانە.
لەبارەی
هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، سیوەیلی
ڕوونیکردەوە: "ئێمە هیواخوازین بە شێوەیەکی کردەیی بتوانرێت لایەنەکان بە
زووترین کات دابنیشن و پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە، چونکە کاراکردنەوەی
پەرلەمان دەبێتە هۆی خێراترکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ."
سەبارەت بە
ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی
گوتی: "کۆبوونەوە و گفتوگۆ هەیە، پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی نەپچڕاون،
بەڵام تا ئێستا کاتێک بۆ هیچ کۆبوونەوەیەکی ڕەسمیی ئاشکرا دیاری نەکراوە."
362 جار خوێندراوەتەوە