بافڵ تاڵەبانی: دەتوانین لە 24 کاتژمێردا حکومەت پێکبهێنین

KNN : Kurdish News Network
12:23 - 12/10/2026
کوردستان
+
-

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حیزبەکەی دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە و دەتوانن لە ماوەی 24 کاتژمێردا حکومەتی نوێی هەرێم پێکبهێنن، بەو مەرجەی لەسەر چەند بنەمایەک بگەنە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە. دڵنیاییش دەداتە پارتی کە نە دەیانەوێت و نە دەشتوانن بەبێ ئەوان حکومەت پێکبهێنن.

 

لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری مێری، سەرۆکی یەکێتی جەختی لە گۆڕینی سیاسەت و زمان لەگەڵ بەغدا کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق جیاوازە و روانگەیەکی شۆڤێنی بەرامبەر بە کورد نییە. هۆشداریشیدا کە خراپبوونی دۆخی بەغدا، کاریگەریی نەرێنیی زیاتر لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت و عێراقێکی بەهێز، کوردستانی بەهێزی لێدەکەوێتەوە.

 

لەبارەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتیشەوە بافڵ تاڵەبانی وتی: یەکێتی دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە و ئامادەیە بۆ رێککەوتنی دادپەروەرانە لەسەر پێکهێنانی حکومەت، کێشەکانمان زۆر نین، کێشەی ئەمنیمان هەیە، کێشەی پرەنسیپی حکومەتێکی هاوپەیمانیمان هەیە، من 16 جار لە پێناو رێککەوتندا هاتووم بۆ هەولێر، بەڵام نەگەیشتوون بە رێککەوتن، لە کاتێکدا زۆر دوور نین لە یەکتر و ناکۆکییەکانمان لە سەر شتی بچوکن. ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە ئامادە نین سازش لەسەر مافەکانی نەتەوەکەمان بکەین".

 

سەرباری ئەوەش وتی: دەتوانین لە 24 سەعاتدا حکومەت پێکبهێنین، بەو مەرجەی لەسەر چەند کێشە و بنەمایەک بگەینە رێککەوتن، ئاشکراشی کرد کە سەرەڕای گرژییەکانی نێوانیان پەیوەندی و هەماهەنگی بەردەوامیان لەگەڵ پارتی هەبووە و توانیویان "چەند ئاگرێک بکوژێننەوە"، جەختیشی کردەوە، کە نەدەیانەوێت و نەدەتوانن بە بێ پارتی حکومەت پێکبهێنن.

 

هەر لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت و ئاستەنگەکانی و ئەوەی دەوترێت ئێران و لایەنی دەرەکی رێگرن لە سەرخستنی پرۆسەکە سەرۆکی یەکێتی بە توندی ئەوەی رەتکردەوە، ئەوەی بەو جۆرە لێکدانەوە دەکات، "هیچ لە سیاسەت نازانێت، یەکێتیش قەت پیاوی کەس نەبووە و پیاوی کەسیش نابێت".

 

سەرۆکی یەکێتی لە بەشێکی تری قسەکانیدا لە نیگەرانییەکانی دوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراقی کەمکردەوە و وتی: ئەمریکا نەرۆیشتووە بۆ مەریخ، چووە بۆ ئوردن و بیەوێت بێتەوە بە 17 خولەک بە فڕۆکە دەگەڕێتەوە.

 

سەبارەت بە پرسی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان گەشبینی خۆی بە بەرەوپێشچوونەکانی ئەو پرسە لە سوریا دەربری و داوای کرد هەنگاوەکان خێراتر بکرێن و پشتیوانی خۆیشی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دوپاتکردەوە و لەبارەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئاشکرای کرد: لەگەڵ ئێران لە سەر هێڵین کە پرۆسەیەکی هاوشێوەی ئەو پرۆسەیەی لە تورکیا هەیە دەستپێبکەین.

176 جار خوێندراوەتەوە