سکرتێری
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەمەریکا و
ڕایدەگەیەنێت؛ لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازیدا بۆ سەر وڵاتەکەیان، دامەزراوەکانی
ژیریی دەستکرد و سەنتەرەکانی داتا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاپوور دەکەن.
موحسین رەزایی،
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر جارێکی دیکە جەنگ
هەڵگیرسێتەوە، زۆربەی کێبڵەکانی ئینتەرنێت، سەنتەرەکانی داتا، دامەزراوەکانی ژیریی
دەستکرد و پێگەکانی دیکەی ناوچەکە دەکرێنە ئامانج. وتیشی: "بە پلانێکی زۆر
فراوانتر و گەورەترەوە پێشوازی لە دوژمن دەکەین".
ئەم هەڕەشانەی
ئێران پاش ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاندبوو کە بەمزوانە
کۆتایی بە جەنگ دەهێنن و ئێرانیش یان دەبێت داواکارییەکانی واشنتۆن قبوڵ بکات
یانیش "ئیتر بوونی نامێنێت".
سەرەڕای ئەم
هەڕەشانە، پێشتر ترەمپ جەختی لەوە کردبووەوە کە وڵاتەکەی تا پێش بەڕێوەچوونی
هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول، لە هیچ کاتێکدا هێرش ناکاتە سەر ئێران، بەڵام جەنگەکە
"بە هەر شێوەیەک بێت زۆر بە خێرایی کۆتایی دێت".
141 جار خوێندراوەتەوە