دوای پێنج ساڵ دەستبەسەری، ئەندازیارێکی ئوستراڵی رێگەی پێدرا عێراق جێبهێڵێت

KNN : Kurdish News Network
09:04 - 12/10/2026
عێراق
+
-

رۆبەرت پیتەر، ئەندازیاری ئوسترالی، دوای نزیکەی پێنج ساڵ لە مانەوەی لە عێراق بەهۆی دەستگیرکردن و قەدەغەی گەشتکردنەوە، دواجار وڵاتەکەی جێهێشت. کێشەی ئەم ئەندازیارە پەیوەندیی بە ناکۆکییەکی بازرگانییەوە هەبوو لەسەر پرۆژەی دروستکردنی باڵەخانەی نوێی بانکی ناوەندیی عێراق.

 

پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "کانبێرا تایمز" ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق ڕێگەی بە پیتەر داوە بگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی لە ئیرلەندا. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ناوبراو لە حوزەیرانی ساڵی 2025 لە زیندان ئازاد کرا، بەڵام بەهۆی ڕێکارەکانی قەدەغەی گەشتکردنەوە نەیدەتوانی عێراق جێبهێڵێت.

 

ئەو ئەندازیارە لە نیسانی ساڵی 2021 لەگەڵ هاوپیشەیەکی میسڕی دەستگیر کرا و سزای زیندانیکردن و پێبژاردنی داراییان بەسەردا سەپێندرا. لە ساڵی 2022شدا، تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستگیرکردنەکەیان بە هەڕەمەکی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە قەڵەم دا، وێڕای ئەوەی خۆیان بەردەوام جەختیان لە بێتاوانییان دەکردەوە.

222 جار خوێندراوەتەوە