ئامانج رەحیم: دەمانەوێت مووچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ عێراق بکەین بە یەک پاکێج

KNN : Kurdish News Network
01:57 - 12/10/2026
کوردستان
+
-

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەرێم بەشداری کارایە لە زیادکردنی داهاتی عێراق و جەختیش دەکاتەوە، کە لە دامەزراندنەکانی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو پشکی هەرێمیش رەچاودەکرێت و ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئامانجیان ئەوەیە مووچەخۆرانی هەرێم و عێراق بکرێنە یەک پاکێج.

 

ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و ئەندامی شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە پرسی بودجە و پشکی هەرێم بە کەی ئێن ئێنی راگەیاند: بۆیەکەمجارە کە حکومەتی هەرێم بەشداری دەکات لە گەڵاڵەکردنی رەشنوسی بودجەی عێراق، هەست دەکەم بەشداریکردنمان لە قۆناغی ئامادەکردنی بودجە لە وەزارەتی دارایی گرنگە.

 

لە پرسی پابەندییەکانی هەرێم لە بودجەدا، لە پرسی نەوت، داهاتی نانەوتی و پابەندییەکانی تر بەراورد بە ساڵی 2023 پابەندییەکانی هەرێم وەک بەبانکیکردنی مووچەخۆران زیاتر چووەتە پێشەوە و لە ئێستادا هەرێمی کوردستان هەر ناڵێت بێنە، بەڵکوو بەشداری سەرەکییە لە زیادکردنی داهات.

 

سەبارەت بە پشکی هەرێم لە بودجەش وتی، لە دوایین گەڕی دانوستانەکان جەختیان لەوەکردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان رێژەی 14.14٪ی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنێت، نەک 12.67٪ و هەردوو تێبینییەکەی هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو رێژەیە لە یادداشتی کۆبوونەوەکانیان جێگیرکراوە.

 

ئامانج رەحیم ئاماژەی بەوەشکرد، کە گرنگترین هەنگاو بریتیە لەوەی مووچەخۆرانی هەرێم و عێراق بکرێن بە یەک پاکێج، واتە چۆن مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرێکی فیدڕاڵی دەکرێت، بە هەمان جۆر مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆری هەرێمیش بکرێت و وەزیری دارایی عێراق تێگەیشتنی زۆری بۆ ئەو خاڵە هەبووە و ئەگەر مووچەی هەرێمی کوردستان نەبێتە بەشی حکومەت و ببێتە شایستەی مووچەخۆر ئەوە زۆرگرنگە و بڕیارەکەی ساڵی 2024ی دادگای فیدڕاڵیش پشتیوانی لەو بابەتە دەکات، کە باس لەوەدەکات یەکسانی و هاوتاکردن لەنێوان مووچەی هەرێم و بەغدا هەبێت.

 

لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی هەرێم و بەغداش لەسەر بودجە وتی، بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان چاوەڕێی ئەوەن لەلایەن وەزیری دارایی فیدڕاڵەوە ئاگادار بکرێنەوە، وابڕیارە لەم هەفتەیەدا دەست بە دانوستان بکەنەوە.

 

دەربارەی پرسی دامەزراندنیش وتی، وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیان کردووەتەو کە هەر دامەزراندنێک بۆ عێراق هەبێت، هەرێمی کوردستانیش لێی سودمەند دەبێت.

 

https://www.facebook.com/reel/1043625158730042

 

70 جار خوێندراوەتەوە