سەرۆک وەزیران کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەی ملیۆنێک یەکەی نیشتەجێبوونی دیاری کرد

KNN : Kurdish News Network
06:38 - 11/10/2026
عێراق
+
-

لە کۆبوونەوەی دەستەی باڵای هەماهەنگیی نێوان پارێزگاکان کە بە سەرپەرشتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەی دروستکردنی یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون کرایەوە، هاوکات چەند بڕیارێکی گرنگ لە بوارەکانی تەندروستی، پیشەسازی و ڕێگەوبان دەرکران

 

لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی فالح زەیدی دەستخۆشیی لەو پارێزگایانە کرد کە ئامادەکارییەکانی تەرخانکردنی زەوییان بۆ پرۆژەی "دەستپێشخەریی نیشتمان" تەواو کردووە، ڕێنماییشی دا بەو پارێزگایانەی ماون، پێش کۆتایی ئەمساڵ ڕێکارەکانیان لەو بوارەدا یەکلا بکەنەوە، بۆ ئەوەی بەردی بناغەی پرۆژەکە دابنرێت. هۆشداریشیدا کە هەر پارێزگایەک کەمتەرخەمی بکات لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەدا، ڕاستەوخۆ خۆی سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات

 

هەروەها، بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی، بڕیاردرا سەرجەم پارێزگاکان پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی هەماهەنگیی پیشەسازیی ژمارە (١٢ بۆ ساڵی ٢٠٢٦) و (٢٩ بۆ ساڵی ٢٠٢٥)، کە تایبەتن بە ئامادەکردن و جیاکردنەوەی هەزار دۆنم زەوی بۆ پرۆژە پیشەسازییەکان، و پارێزگاکان ڕاسپێردران ڕاپۆرت لەسەر هەنگاوەکانیان پێشکەش بکەن

 

لە ڕووی تەندروستییەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، پارێزگاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی تەندروستی و کشتوکاڵ، ئەرکی بەدواداچوون بۆ نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەکان بگرنە ئەستۆ، بەمەبەستی ڕشاندن و لەناوبردنی مێرووی گەنە کە گوازەرەوەی تای قرم و کۆنگۆی خوێنبەربوونە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕی دوو ملیار دینار لەگەڵ پاڵپشتیی لۆجیستیی پێویست تەرخان کرا

 

لەلایەکی دیکەوە، بڕیاردرا ئەو پارێزگایانەی ڕێگەی دەرەکیی دوور و دەروازەی سنوورییان هەیە و جوڵەی گەشتیاران تیایاندا زۆرە، پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ٥٠ قەرەوێڵەیی بخەنە ناو پلانەکانیانەوە. ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی تەندروستی و پلاندانان جێبەجێ دەکرێت، بۆ ئەوەی بە خێرایی بە هانای قوربانیان و بریندارانی ڕووداوەکانەوە بچن و ئامبوڵانسی پێویستیشیان بۆ دابین دەکرێت.

338 جار خوێندراوەتەوە