مەسعود پزیشکیان سەرۆک
کۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی لە پێگەی لاوازیدا نییە و بەباشی دەزانێت چۆن
بەرگری لە خۆی دەکات، هاوکات ئاشکرای دەکات کە لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان
لەگەڵ واشنتن، ئەمریکا و ئیسرائیل جەنگیان دژیان بەرپا کردووە.
لە وتەیەکدا لە
کۆنفڕانسی یەکڕیزیی ئیسلامی لە تاران، سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە
بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان مافێکی ڕەوایە و ئەو مافەیان بەکارهێناوە. ڕاشیگەیاند،
تارن دەستپێشخەری جەنگ نەبووە، بەڵکو بە توندی بەرەنگاری دەستدرێژیکاران بووەتەوە
و بەرگری لەخۆی کردووە.
لەسەر ئاستی
ناوچەکەش، سەرۆکی ئێران ڕەتکردنەوەی داگیرکاری و بەرگریکردنی لە فەڵەستین بە
ئەرکێکی سەرشانی وڵاتەکەی ناوبرد، هاوکات داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد کە خۆیان
ئەرکی بەڕێوەبردنی ئاسایشی ناوچەکە بگرنە ئەستۆ و بەڵێن بدەن کە نابنە هۆکاری
تێکدانی ئاسایشی یەکتر.
93 جار خوێندراوەتەوە