عەلی فالح
زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیاریدا بە
توندکردنەوەی ڕێکارە ئەمنییەکان و دەستگیرکردنی تاوانبارانی ڕووداوەکەی ناوچەی
دۆرە، هاوکات جەخت لە بەردەوامیی هەوڵەکانی حکومەت بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا
دەکاتەوە.
لە
بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، زەیدی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی
بۆ کوژرانی دوو کارمەندی ئەمنی ڕاگەیاند کە پێکهاتبوون لە (عەمید هیشام محەمەد
تەڵاع) بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ئەمینداریەتی لە دیوی کەرخ و (خالید عەباس لەفتە)ی
کارمەندی پۆلیس. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو کەسە لە کاتی یاوەریکردنی مەفرەزە
خزمەتگوزارییەکان بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکانی دەوروبەری ناوچەکانی دۆرە، کەرارە و
گەڕەکی دیجلە لە باشووری بەغدا، لەلایەن "کەسانی لەیاسادەرچووەوە"
کراونەتە ئامانج، جەختیشیکردەوە کە خوێنیان بەفیڕۆ ناچێت.
سەرۆک وەزیرانی
عێراق ڕاشیگەیاندووە: "ئەم هێرشانە بۆ سەر دامەزراوە ئەمنی و
خزمەتگوزارییەکان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە فەرمییەکانیاندا، حکومەت سارد
ناکاتەوە لە بەردەوامبوون لە هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا و ڕاوەدوونانی
تێکدەرانی ئاسایشی وڵات و هاووڵاتییان."
لە کۆتاییدا،
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کردووە شوێنی
ڕووداوەکە گەمارۆ بدەن و بەبێ هیچ چاوپۆشییەک ئەنجامدەرانی ئەو کارە تاوانکارییە
دەستگیر بکەن و ڕادەستی دادگایان بکەن. هەروەها ڕایگەیاندووە کە بە وردی چاودێریی
ڕەوشی تەندروستیی بریندارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانبەرانی ئەمینداریەتیی بەغدا
دەکەن.
360 جار خوێندراوەتەوە