وەزیری بەرگریی
ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای ئەوەی وەڵامی هۆشدارییەکەیان نەدراوەتەوە، هێرشەکەی سەر
فڕۆکەخانەی ئەبو زوهور لە سووریا بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە، ئاشکراشی دەکات کە
پێشتر ئەمریکایان لە جووڵەکانی تورکیا لەو فڕۆکەخانەیە ئاگادار کردووەتەوە.
ئیسرائیل کاتس وەزیری
بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا ڕوونیکردەوە، سوپای وڵاتەکەی چەندین جار پێشنیاری
ئەنجامدانی هێرشی بۆ سەر فڕۆکەخانەی ئەبو زوهور کردبوو، دوای ڕاوێژکردنیش لەگەڵ
بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی هۆشدارییەکی
ڕاستەوخۆ ئاراستەی دیمەشق بکەن.
ئاماژەی بەوەش
کردووە، پێشوەختە زانیارییە هەواڵگرییەکانیان سەبارەت بە جووڵەکانی تورکیا لە
فڕۆکەخانەکەدا داوەتە ئەمریکا و کاتێک وەڵامی هۆشدارییەکەیان نەدراوەتەوە،
هێرشەکەیان ئەنجامداوە.
لە بەشێکی تری
قسەکانیدا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕەخنەی توندی لە نێردەی ئەمریکا گرت و
ڕایگەیاند؛ وەڵامەکەی تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشەکەی سەر
فڕۆکەخانەی ئەبو زوهور "پڕە لە چەواشەکاری"، هەروەها جەختی لەوە کردەوە
کە هەڵوێستەکانی ئەو نێردەیە بەتەواوی پێچەوانەی هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپە
سەبارەت بە پرسی بەرزاییەکانی جۆلان.
195 جار خوێندراوەتەوە