بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەی ئێن ئێن کەوتوون، لە کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە پرسی سووتەمەنی، زۆرینەی نوێنەرانی کورد ڕازین بەوەی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەکەی بۆ هەرێم تەرخان کراوە ڕادەستی بەغدا بکرێتەوە، لە بەرامبەردا وەزارەتی نەوتی عێراق خۆی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێم دابین بکات
سەرچاوەیەکی تایبەت لەناو کۆبوونەوەکە بە کەی ئێن ئێنی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکانی تایبەت بەم پرسە کۆتاییان هاتووە کە تێیدا بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش ئامادە بووە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان تا ڕادەیەک لەگەڵ بڕیارەکە ناڕازییە، بەڵام نەرمییەکیان پێوە دیارە، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە دۆخەکە بەو ئاراستەیە دەڕوات کە ئەو بڕە نەوتە ڕادەستی بەغدا بکرێتەوە
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، تا ئێستا ئەم بابەتە نەکراوەتە یاداشتێکی فەرمی، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا بکرێتە یاداشت و ئاراستەی پەرلەمانی عێراق بکرێت، تاوەکو دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە بڕیارێکی کۆتایی.
261 جار خوێندراوەتەوە