دامەزراوەی توێژینەوەکانی گۆڕان هۆکار و چارەسەرەکانی قەیرانی بەنزین و کورتهێنانی ڕۆژانەی سووتەمەنیی لە هەرێم ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
09:56 - 21/08/2026
کوردستان
+
-

لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا دامەزراوەی توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان هۆکارەکانی قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان و پلانەکانی چارەسەرکردنی ئاشکرا دەکات و دەریخستووە، سەرەڕای ئەوەی پاڵاوگەکانی ناوخۆ توانای پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆیان هەیە، بەڵام قۆرخکاریی کۆمپانیا حزبییەکان و نەبوونی پاڵپشتیی حکومەت، قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن و ٧٩٠ هەزار ئۆتۆمبێل هەیە، کە ٧٠٪ـیان بە بەنزین کاردەکەن. بە تێکڕای بەکارهێنانی سێ لیتر بەنزین لە ڕۆژێکدا بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە زیاتر لە پێنج ملیۆن و ٨٨٠ هەزار لیتر بەنزین هەیە.


لەبارەی توانای بەرهەمهێنانەوە ئاماژە بەوە کراوە، هەر چوار پاڵاوگە فەرمییەکەی هەرێمی کوردستان (کار، بازیان، لاناز و تاوکێ) ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی ٢٥٦ هەزار بەرمیل نەوتیان هەیە. ئەگەر ئەم پاڵاوگانە بە توانای تەواوەتیی خۆیان کار بکەن، دەتوانن ڕۆژانە زیاتر لە هەشت ملیۆن و ٦٠٠ هەزار لیتر بەنزین بەرهەم بهێنن، کە ئەمەش بڕی دوو ملیۆن لیتر لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە. بەڵام لە ئێستادا، تەنها ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن سۆمۆوە بۆ هەرێم دابین دەکرێت، کە بەرهەمەکەی تەنها ملیۆنێک و ٦٨٧ هەزار لیتر بەنزینە، بەمەش ڕۆژانە هەرێم نزیکەی چوار ملیۆن لیتر کورتهێنانی هەیە.


ڕاپۆرتەکە چەند هۆکارێکی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دیاریکردووە، لەوانە: نەبوونی توانای حکومەتی هەرێم بۆ پاڵپشتیکردنی نرخ، سەپاندنی باج بەسەر هاوردەکاراندا، قۆرخکاریی بەرهەمهێنان و هاوردەکردن لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی حزبییەوە، و نەبوونی کۆگای ستراتیژیی سووتەمەنی. هەروەها بەهۆی ئەوەی حکومەت پاڵپشتیی بازاڕ ناکات، زیاتر لە ٧١٪ـی بەنزینی ناوخۆ لەلایەن کەرتی تایبەتەوە هاوردە دەکرێت.


بۆ چارەسەری قەیرانەکە لە مەودای نزیک و دووردا، دامەزراوەی توێژینەوەکانی گۆڕان پێشنیازی کردووە پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی نەوتیی نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت و پشکی نەوتی هەرێم بۆ ١٤٠ هەزار بەرمیل زیاد بکرێت. هەروەها لابردنی باج لەسەر هاوردەکردنی بەنزین، ئازادکردنی بازاڕ بۆ گشت بازرگانان لەژێر چاودێریی کۆنترۆڵی جۆری، پەرەپێدانی هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی، و دروستکردنی کۆگای ستراتیژیی گەورە وەک چارەسەری بنەڕەتی خراونەتەڕوو.







303 جار خوێندراوەتەوە