ڕەجەب تەیب
ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، بە ئەنجامگەیشتنی پڕۆسەی "تورکیای
بێ تیرۆر" دەرگای قۆناغێکی نوێ بەڕووی گەلی وڵاتەکەیدا دەکرێتەوە و دەبێتە
هۆی بەهێزبوونی ئابووری، بەرزبوونەوەی خۆشگوزەرانی و گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری
بۆ ناوچەکە بەتایبەت عێراق و سوریا.
ئەردۆغان لە
میانی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی 955 ساڵەی جەنگی مەلازگرد لە قەزای ئەخلاتی سەر بە
پارێزگای بەدلیس، بە ئامادەبوونی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە و چەندین سەرکردەی
دیکەی سیاسی، تیشکی خستە سەر پێگەی مێژوویی قەزاکە و ڕایگەیاند، ئەخلات دەروازەی
چوونەژوورەوەی ئەنادۆڵ و ناوەندی زانست و پێکەوەژیانی تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی و
سوننە بووە بە درێژایی مێژوو. هەروەها ئاماژەی بە بڕیاری بە پارکی نیشتمانیکردنی
ناوچەی کالدێرای نەمرود لە سنووری پارێزگاکەدا کرد.
سەرۆککۆماری
تورکیا لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ڕووبەڕووی ئەو لایەنانە بووەوە کە بە وتەی ئەو
لە تیرۆر و ناسەقامگیری سوودمەند دەبن و وتی: "چیتان لە دەست دێت بیکەن،
ناتوانن لە ڕێگەکەمان پاشگەزمان بکەنەوە و ڕێگری لە ئامێزگرتنی برایانەی تورک و
کورد و عەرەب بکەن. ئێمە ئاگاداری ئەو دەستە پیسانەین کە ئارامی ناوچەکە و برایەتی
گەلەکەمان دەکەنە ئامانج، بەڵام بازرگانانی خوێن و هەلپەرستانی تیرۆر لەگەڵ
جینۆسایدکاران دەدۆڕێن."
لە کۆتایی
وتارەکەیدا، ئەردۆغان دووپاتی کردەوە کە سەردەمی تورکیای بەهێز دەستی پێکردووە و
بنیاتنانی "سەدەی تورکیا" لە برەودایە، براوەی سەرەکیش بەرەی مرۆڤایەتی،
برایەتی، ئاشتی و سەقامگیری دەبێت بە تەواوی 86 ملیۆن هاووڵاتیی وڵاتەکەیەوە.
176 جار خوێندراوەتەوە