پاش هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە؛ سووریا پڕۆژەی گەورەی ئاوەدانکردنەوە لە حەسەکە جێبەجێ دەکات

KNN : Kurdish News Network
09:53 - 26/08/2026
جیهان
+
-

جێگری پارێزگاری حەسەکە ئاشکرای دەکات، سەرۆککۆماری سووریا ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەی گەورەی خزمەتگوزاری لە ناوچەکە دەکات و پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆش بە وەزارەتی ناوخۆ لە قۆناغی کۆتاییدایە، هاوکات سەرجەم دروشم و ئاڵا حیزبییەکان لە فەرمانگە و دەروازەی شارەکان لادەبرێن و دەسەڵاتی دەوڵەت بەتەواوی دەگەڕێتەوە

 

ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە و وتەبێژی نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەبارەی کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوویان لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا ڕایگەیاند؛ قۆناغی داهاتوو تایبەت دەبێت بە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی پارێزگاکە. وتیشی: "سەرۆککۆمار چاوەڕێی ساتەوەختی تەواوبوونی دۆسیەی تێکەڵبوونەوەی دەکرد بۆ ئەوەی پڕۆژە گەورەکانی وەک ژێرخان، پرد و ڕێگاکان ڕابگەیەنێت

 

لەبارەی پرۆسەی تێکەڵکردنەکانەوە، هیلالی ئاماژەی بەوە کرد کە ئومێدیان خواستووە تا سەری ساڵ پرۆسەی تێکەڵبوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە تەواو بکەن، بەڵام ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەکە لەم کاتەدا کە هاوکات بوو لەگەڵ بڕیاری دەرهێنانی سووریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر، "هەواڵێکی خۆش بوو بۆ گەلی سووریا". ڕوونیشیکردەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تێکەڵبوونەوەی ئەمنی بەتەواوی کۆتایی دێت و لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە ئەمنییەکان لە وەزارەتی ناوخۆن بۆ چاوپێکەوتن و هەڵسەنگاندن بەمەبەستی وەرگرتنی پۆستەکانیان

 

هیلالی باسی لەوەش کرد، پاش هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە، تەواوی ئاڵا، دروشم و وێنە حیزبییەکان لە دەروازەی شارەکان و فەرمانگە حکومییەکان لادەبرێن و شارەکە گەڕاوەتەوە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، بەجۆرێک "ئەگەر سەردانی حەسەکە بکەیت هەست دەکەیت وەک شارێکی دیکە بوونی دەوڵەتی تێدایە و هەست ناکەیت ناوچەیەکی دابڕاوە بێت

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (25ـی ئابی 2026)، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە دیمەشقەوە کۆتاییهاتنی هێزەکەی ڕاگەیاند. بەپێی ڕێککەوتنەکە، یەکە سەربازییەکان بە سوپای سووریا و هێزەکانی ئاسایش بە وەزارەتی ناوخۆ تێکەڵ دەکرێن، هەروەها تەواوی دامەزراوە مەدەنییەکان، دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییە ستراتیژییەکانی وەک ڕمێلان و فڕۆکەخانەی قامیشلۆ ڕادەستی حکومەتی ناوەندی کران.

223 جار خوێندراوەتەوە