کەمتر لە 20 ڕۆژ ماوە؛ تەنیا 18٪ـی هاوبەشان قەرزی کارەبایان داوەتەوە

KNN : Kurdish News Network
06:37 - 23/08/2026
کوردستان
+
-

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا، ئامارەکان دەریدەخەن کە تا ئێستا ڕێژەیەکی کەمی هاوبەشان قەرزەکانیان داوەتەوە، لە کاتێکدا کەمتر لە 20 ڕۆژ بۆ سوودمەندبوون لەو داشکاندنە ماوە



بەپێی ئامارەکانی پرۆژەی ڕووناکی، لە کۆی یەک ملیۆن و 450 هەزار هاوبەش کە قەرزی کارەبای پێش پرۆژەکەیان لەسەرە، تەنیا 275 هەزار کەس (کە دەکاتە 18.9٪) قەرزەکانیان داوەتەوە. پڕۆسەی وەرگرتنەوەی قەرزەکان بە داشکاندنی 50٪ بۆ ماڵان و کشتوکاڵ، هەروەها 75٪ بۆ پیشەسازی و بازرگانی بەردەوامە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆی قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا زیاتر لە یەک تریلیۆن و 900ملیار دینارە و نیوەی ئەو بڕەش لای هاوبەشانی ماڵانە. هەروەها لەو 275 هەزار کەسەی قەرزەکانیان داوەتەوە، زیاتر لە 200 هەزاریان لە ڕێگەی سیستەمی "ئی-پسوولە"وە پارەکەیان گەڕاندووەتەوە.



لە لایەکی دیکەوە، پرۆژەی ڕووناکی هۆشداری دەدات کە داشکاندنەکە تەنیا بۆ یەکجارە و بەهیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە، هاوکات پسوولەی مانگانەی کارەبای پرۆژەکە هیچ داشکاندنێکی بۆ ناکرێت و دەبێت لە ماوەی 50 ڕۆژدا بدرێت، بەپێچەوانەوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارەبای هاوبەشەکە دەبڕدرێت. سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هاوبەشانەشی قەرزی کۆن نادەنەوە، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبا دوای تەواوبوونی وادەکە بڕیار لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا دەدەن.

383 جار خوێندراوەتەوە