شارەزایەکی کەشناسی: بارانبارین ناوچەکەیەکی هەرێم دەگرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:37 - 25/08/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی گەرما و شێی بەرز بۆ چەند ڕۆژێکی دیکە بەردەوام دەبێت، بەڵام لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە بارستە هەوایەکی فێنک هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کۆتایی بە گەرما بێزارکەرەکە دەهێنێت.

 

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە، گەرما و بەرزیی ڕێژەی شێ لە بەرگەهەوادا بەردەوامە، ئەمەش وایکردووە هەست بە گەرمایەکی زیاتر بکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کەشە بۆ چەند ڕۆژی داهاتووش بەردەوام دەبێت، لەگەڵ دەرکەوتنی هەور و ئەگەری نمەباران لە هەندێک ناوچەی دیارینەکراو.

 

لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکانیدا ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردووەتەوە، لە ڕۆژی شەممەی داهاتووەوە بارستە هەوایەکی فێنک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە بەرەو ناوچەکانمان جووڵە دەکات، کە سەرەتا کاریگەرییەکەی بە بارانی زۆر و نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە تورکیا و باکووری کوردستان دەردەکەوێت.

 

سەبارەت بە کاریگەریی شەپۆلەکە لەسەر هەرێمی کوردستان، ئاراس جەبار دەڵێت: "پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی باش نزم دەبنەوە، لەگەڵ ئەگەری بارانبارین بە ڕێژەی کەم لە هەندێک ناوچە و بە ڕێژەی مامناوەند لە ناوچە شاخاوییەکان، بەتایبەت لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەدا". پێشبینیشی کردووە کە بۆ ڕۆژانی دواتر پلەکانی گەرما زیاتر نزم ببنەوە و کاریگەریی بارستە هەوا فێنکەکە زیاتر ببێت.

903 جار خوێندراوەتەوە