کەشناسی: پلەکانی گەرما دادەبەزن و بارانبارین بەشێک لە ناوچەکان دەگرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:02 - 27/08/2026
عێراق
+
-

دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بارانبارین بەشێک لە ناوچەکان بگرێتەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەکە، کەشوهەوای سبەینێ هەینی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور ساماڵ دەبێت، لەگەڵ دەرکەوتنی هەندێک پەڵەهەور لە ناوچەکانی باشوور، هاوکات پلەکانی گەرما نزیک دەبن لەو پلەیەی ڕۆژی پێشتر تۆمارکراون. سەبارەت بە بەرزترین پلەکانی گەرما بۆ سبەینێ هەینی لە پارێزگاکان بەم شێوەیە دەبن: سلێمانی 39، دهۆک 41، هەولێر 42، نەینەوا و کەرکوک 43، ئەنبار 44، سەلاحەدین و دیالە 45، بەغدا و کەربەلا 46، بابل و نەجەف 47، واست و دیوانیە و موسەننا 48، هەروەها میسان و زیقار و بەسرە 49 پلە دەبن.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت بە گشتی، بەڵام لە هەندێک ناوچە پەڵەهەور دروست دەبێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی باکووری وڵات کە ئەگەری نمەبارانی لێ دەکرێت. هەروەها ڕۆژی شەممە خێرایی با لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور چالاک دەبێت و دەگاتە (30) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک.

 

لە کۆتاییشدا دەستەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، ڕۆژی دووشەممە ئاسمان بەتەواوی ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرماش لە تەواوی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کەمێک دادەبەزن.

282 جار خوێندراوەتەوە