ترەمپ: موجتەبا خامنەیی زیندووە و دەست و قاچی بریندارن

KNN : Kurdish News Network
04:48 - 26/08/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، هێزی دەریایی ئێرانیان لەناوبردووە و تەنیا لە شەوی ڕابردوودا 20 بەلەمی ئەو وڵاتەیان تێکشکاندووە. جەختیش دەکاتەوە کە بە تەواوی کۆنتڕۆڵی دۆخەکەیان کردووە و لە ڕێگەی هێزی سەربازی و سزای ئابوورییەوە بەرەو سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر تاراندا هەنگاو دەنێن.

 

ترەمپ لە لێدوانێکدا سەبارەت بە چارەنووسی ڕێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوە کرد، پێی وا نییە موجتەبا خامنەیی گیانی لەدەستدابێت. سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتەش ئاشکرایکرد، ئابووریی ئێران لە داڕماندایە و ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە 300٪، بە جۆرێک دراوی وڵاتەکە بەهای نەماوە و تەنانەت سەربازەکانیش مووچەکانیان پێ نادرێت.

 

سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی تاران گرت بەوەی مامەڵەیەکی زۆر خراپ لەگەڵ گەلەکەیان دەکەن و ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەران دەکوژن، بۆیە سازدانی ناڕەزایەتی قورسە کاتێک کەسانێک ئامادەن ڕاستەوخۆ تەقە بکەن. هێما بۆ ئەوەش دەکات کە ئێرانییەکان دەستپاکترین کەس نین بۆ ئەوەی ڕێککەوتنیان لەگەڵدا بکرێت، بۆیە هیچ خشتەیەکی کاتییان بۆ گەڕانەوە سەر مێزی دانوستان دانەناوە و پەلەشیان نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەکە تا هەر کاتێک پێویست بکات بەردەوام دەبێت.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ تیشکی خستە سەر پرسە نێودەوڵەتییەکان و ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە ڤەنزوێلا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بەم زووانە لە ئێران-یش سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار دەکەن. هاوکات ئاشکرایکرد کە سەردانەکەی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) بۆ ڕووسیا ڕەنگە ئەنجامی هەبێت، چونکە دەیانەوێت کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنن.

97 جار خوێندراوەتەوە