سوڵتنشینی عومان و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی چوارچێوەیەکی قۆناغبەندی بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی پارێزراوی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، کە خۆی لە دروستکردنی ڕێڕەوێکی کاتیی دەریایی و جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ پاککردنەوەی گەرووەکە لە مین دەبینێتەوە.
ڕێککەوتنەکە لە میانی سەردانەکەی بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان بۆ تاران و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێراننیەکەی ڕاگەیەندرا، ئەوەش دوای چەند هەفتەیەک لە دانوستانی تەکنیکی نێوان هەردوو وڵات دێت بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووەکەدا.
وەزارەتی دەرەوەی عومان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بڵاویکردەوە، گفتوگۆکان جەختیان لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی پارێزراوی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە سەروەریی و مافە سەروەرییەکانی هەردوو وڵات بپارێزێت. هەروەها هەردوو وەزیر تاوتوێی چوارچێوەیەکی قۆناغبەندییان کردووە وەک بنەمایەکی کرداریی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای گەرووەکە لە ژێر ڕۆشنایی دەرئەنجامەکانی جەنگی دواییدا.
چوارچێوە پێشنیارکراوەکە پێکهاتووە لە دروستکردنی ڕێڕەوێکی کاتیی، دامەزراندنی میکانیزمێک بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی، و بەردەوامبوونی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ڕێڕەوێکی هەمیشەیی و ڕێکخستنی بەڕێوەبردنی داهاتووی گەرووەکە. هاوکات، مەسقەت و تاران جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەبردنی گفتوگۆی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئێران، قۆناغی گواستنەوە بۆ چوونە ناوەوەی کەشتییەکان بۆ کەنداوی عەرەبی لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی باکوورەوە دەبێت لە نزیک کەناراوەکانی ئێران و دوورگەی لارک، هەروەها چوونەدەرەوەش لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی باشوورەوە دەبێت لە نزیک کەناراوەکانی عومان. تاران پێشبینی دەکات ئەم قۆناغە دوو بۆ چوار مانگ بخایەنێت پێش گەیشتن بە ڕێککەوتنی هەمیشەیی.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەیاننامە هاوبەشەکە بە ڕوونی باسی لە مەرجەکانی پێشووی ئێران نەکردووە بۆ کردنەوەی تەواوەتی گەرووەکە، کە پێشتر بەستبوویەوە بە هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران و وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان. لە بەرامبەریشدا ئەمریکا دژی پێدانی دەسەڵاتی تاکلایەنەیە بە ئێران لە گەرووی هورمز یان سەپاندنی ڕسووماتی ناچاری بەسەر کەشتییەکاندا.
202 جار خوێندراوەتەوە