ئێران وردەکاریی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ عومان ئاشکرا دەکات و هۆشداری توند دەداتە ئەمریکا

KNN : Kurdish News Network
03:00 - 26/08/2026
جیهان
+
-

سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەداتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر واشنتن مەرجەکانی تاران قبوڵ نەکات، بە هیچ شێوەیەک گەرووی هورمز ناکرێتەوە. جەختیش دەکاتەوە کە لە ئێستادا هیچ کەشتییەکی سەربازیی دوژمن لە ناو ئاوەکانی کەنداو بوونی نییە.

 

حسێن محێبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، گەرووی هورمز بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندایە و کەشتییە جەنگییەکانی دوژمن لانی کەم 400 کیلۆمەتر لە گەرووەکەوە دوورخراونەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کەشتییەک بێ مۆڵەت و سەرپەرشتی ئێران ناتوانێت بەو ڕێڕەوە ئاوییەدا تێپەڕێت، تەنانەت ئەو ڕێڕەوە ئاوییەی نزیک عومانە بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندایە.

 

وتەبێژی سوپای پاسداران ئاشکرایکرد، گەرووی هورمز موڵکی ئێران و عومانە و نزیکەی مانگێک لەمەوبەر دانوستان لەگەڵ عومان کراوە، هەردوو وڵاتیش لەسەر پشکی خۆیان لە ئاوەکانی گەرووەکە و داهاتەکەی ڕێککەوتوون، بەڵام ئەمریکا لەو ڕێڕەوەدا ئاستەنگ دروست دەکات و ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.

 

محێبی جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ئەمریکا دەستبەرداری دروستکردنی ئاستەنگەکان ببێت و بگەڕێتەوە بۆ لێکتێگەیشتنەکان، ئەوا دەکرێت گەرووی هورمز بکرێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر مەرجەکانی ئێران قبوڵ نەکات، گەرووەکە بە هیچ شێوەیەک ناکرێتەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسداران باسی لەوە کردووە کە دوژمن کێشەی لە دابینکردنی چەکی ستراتیژیدا هەیە. سەبارەت بە دۆخی ناوخۆییش ئاماژەی بەوە کرد کە جیاوازیی بیروڕا لە پرسە سیاسییەکاندا ئاساییە، بەڵام پێویستە لە بەرامبەر دوژمندا یەکڕیزی بپارێزرێت.

123 جار خوێندراوەتەوە