وەزارەتی نەوتی
عێراق بە فەرمی ڕەتیکردەوە بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دابین
بکات. وەزارەتەکە هۆکاری ئەم ڕەتکردنەوەیەی بۆ دابەزینی ئاستی یەدەگی ستراتیژی
سووتەمەنی و قەیرانە جیۆپۆلەتیکییەکان گەڕاندووەتەوە، لەکاتێکدا پەرلەمانتارێکی
عێراق ڕەخنە لەو کەسانە دەگرێت کە باس لەوە دەکەن بەغدا بەڵێنی ناردنی سووتەمەنی
داوە.
بەپێی
نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراق کە واژووی باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری
نەوتی لەسەرە و لە (25ی ئابی 2026) ئاراستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لە بەغدا کراوە، وەزارەتەکە ناتوانێت داواکارییەکەی هەولێر بۆ دابینکردنی بەنزین
جێبەجێ بکات. پێشتر حکومەتی هەرێم داوای کردبوو بەغدا بەرهەمە نەوتییەکانیان
پێبدات لە بەرامبەر پاڵاوتنی (15) هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا بەو نرخەی لە
عێراق کاری پێدەکرێت.
لە
نووسراوەکەدا وەزارەتی نەوت پاساوی ئەوەی هێناوەتەوە کە گۆڕانکارییە
جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر زنجیرەی دابینکردن و پرۆسەی
بەرهەمهێنان هەبووە. هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەهۆی وەرزی هاوینەوە خواست
لەسەر سووتەمەنی لە ناوخۆدا بە شێوەیەکی بێپێشینە بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە
یەدەگی ستراتیژی بۆ کەمترین ئاست دابەزێت و نەتوانن لە ئێستادا وەڵامی
داواکارییەکەی هەرێم بدەنەوە.
لەسەر ئەم
پرسە، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی کە نووسراوەکەی
وەزارەتی نەوتی بڵاوکردووەتەوە ڕایگەیاند: "ئەمە نووسراو و واژووی وەزیری
نەوتی عێراقە کە دەڵێت ناتوانم بەنزین و مەنتوجتان بدەمێ." پەرلەمانتارەکە
ڕەخنەی توندی لەو کەسانە گرت کە بەرگری لە بەغدا دەکەن و وتی: "پارێزەرانی
وەزیر وەک بەردی لە ئاگر گەرمترن و هەر دەڵێن نەخێر وەزیر وتویەتی هەموو شتێکتان
بۆ دابین دەکەم."
384 جار خوێندراوەتەوە