دەستپاکی هەرێم و بەغدا ڕێککەوتنێکیان بۆ دەستگیرکردنی داواکراوانی دۆسیەکانی گەندەڵی ڕاگەیاند

KNN : Kurdish News Network
01:13 - 27/08/2026
کوردستان
+
-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتنێکی هاوبەشیان بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕێگریکردن لە هەڵهاتنی گەندەڵکاران ڕاگەیاند، جەخت لەوەش دەکەنەوە کە لەمەودوا هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ داواکراوانی دۆسیەکانی گەندەڵی لە سەرتاسەری عێراقدا نامێنێت.

 

ئەم ڕاگەیاندنە هاوبەشە لە میانی سەردانێکی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و شاندێکی یاوەری بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی (25 و 26ی ئابی 2026) هات، کە تێیدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە بۆ بەهێزکردنی هاریکارییەکانی نێوان هەردوو دەستەکە ئەنجامدران. هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر پەرەپێدانی میکانیزمی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردن و بڕیارە دادوەرییەکان، بۆ ئەوەی چیتر سنوورە کارگێڕی و جوگرافییەکان نەبنە دەرفەتێک بۆ خۆدزینەوەی گەندەڵکاران لە یاسا.

 

لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا هاتووە، هاوکارییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ بەرتەسککردنەوەی ڕێگاکانی شاردنەوەی ئەو پارانەی لە تاوانەکانی گەندەڵییەوە بەدەستهاتوون، هەروەها کاردەکەن بۆ گێڕانەوەی ئەو سامانانە بۆ خەزێنەی گشتی. هاوکات هەردوو دەستەکە سوپاسی پشتیوانییەکانی هەرسێ دەسەڵاتی دادوەری، یاسادانان و جێبەجێکردنیان کردووە لەسەر ئاستی فیدراڵی و هەرێم بۆ سەرخستنی کارەکانیان.

 

لە کۆتاییشدا هەردوو دامەزراوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە تەواوکاریی ڕۆڵی چاودێریی نێوان هەولێر و بەغدا، جگە لەوەی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەرز دەکاتەوە، بەشدار دەبێت لە پاراستنی ئابووریی نیشتمانی و ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان، چونکە پاراستنی سامانی گشتی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نیشتمانییە و هەمووان بۆ سەروەریی یاسا یەک دەستن.

213 جار خوێندراوەتەوە