داهاتی مانگی رابردووی دەروازە سنوورییەکانی عێراق گەیشتووەتە 560 ملیار دینار

KNN : Kurdish News Network
09:57 - 24/08/2026
ئابوری
+
-

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا داهاتی دەروازەکان گەیشتووەتە نزیکەی 560 ملیار دینار، ئاماژەی بەوەشکرد سیستمی بەستنەوەی ئەلیکترۆنی دەیان سەرپێچی ئاشکرا کردووە کە دیارترینیان ساختەکارییە لە جۆری کاڵاکاندا.

 

عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونیکردەوە، بەئەلیکترۆنیکردن یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی بەڕێوەبردنی مۆدێرن، چونکە پشتبەستن بە دەستی مرۆڤ کەمدەکاتەوە و چاودێرییەکە وردتر و شەفافتر دەکات. وتیشی: "سیستمی بەستنەوەی ئەلیکترۆنی لە بەغدا کە بە سەرجەم دەروازەکانەوە بەستراوەتەوە، گۆڕانکارییەکی گرنگی لە شێوازی وردبینی و چاودێریدا دروستکردووە".

 

وائیلی باسی لەوەشکرد، ئەم سیستمە تەنها بۆ لایەنی دارایی نییە، بەڵکو کۆمەڵگە لە کاڵای قەدەغەکراو دەپارێزێت. هەروەها ڕایگەیاند لە ماوەی ڕابردوودا چەندین هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتن لە دەروازەکانی تریبێل، وەلید، ئوم قەسری باکوور، مەندەلی، زرباتیە و شەلامچە ئەنجامدراون، کە ڕێگرییان لە بەهەدەردانی سەدان ملیۆن دینار لە سامانی گشتی کردووە.

 

لە کۆتاییدا سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان ئاشکرایکرد، کۆی داهات لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دوو تریلیۆن و 500 ملیار دیناری تێپەڕاندووە، تەنها لە مانگی تەممووزیشدا گەیشتووەتە 560 ملیار دینار، ئەمەش نیشانەی سەرکەوتنی هەوڵەکانە بۆ پاراستنی سامانی دەوڵەت و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان.

151 جار خوێندراوەتەوە