جوانڕۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، پشتیوانیی ڕەهای خۆی بۆ داواکارییەکانی خانەنشینان دووپات کردەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە بەرپرسیاری یەکەم لە دواکەوتنی مووچەکانیان لە قەڵەم دا.
هەواڵ: KNN
جوانڕۆ محەمەد ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێک لە خانەنشینان نزیکەی 20 مانگە مووچەیان پێنەدراوە، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا نزیکەی 100 ملیار دیناری شایستەی دارایی خانەنشینان قەرزدارن و بژێویی ژیانی ئەو توێژەیان خستووەتە مەترسییەوە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم هاووڵاتییانە تەمەنی خۆیان لە پێشخستنی حکومڕانیدا سەرف کردووە و حەق و مافی خۆیانە مووچەکانیان بە کاتی خۆی وەربگرن.
سەبارەت بە هۆکارەکانی دواکەوتنەکە، پەرلەمانتارەکەی گۆڕان ڕوونی کردەوە، پێشتر ماوەی دەستپێکردنی مامەڵەکان بۆ خانەنشینی 3 مانگ بو بەڵام ئەو وادەیە کەم بو پاش بەدواداچون لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو وادەیە بۆ 6 مانگ درێژکرایەوە، بەڵام ئەم بڕیارەش نەبووەتە چارەسەر.
ناوبراو بیانوەکانی حکومەتی رەتکردەوە کە دەلێن نوسراومان کردوەو بەغدادمان ئاگادارکردوەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە خانەنشینان فەرمانبەری هەرێمن و دەبێت حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەری گرفتەکانیان بکات. و پرسی موچەو شایستە داراییەکانی خانەنشینان بکاتە تەوەرەی سەرەکی دانسوتانەکانیان لەگەڵ بەغداد
جوانڕۆ محەمەد وتیشی: وەک چۆن لە ڕابردو لەهەمو چالاکیەکی مەدەنی خانەنشینان ئامادەبوم و بەئەرکم زانیوە دوپاتی دەکەمەوە خانەنشینان بە جێناهێڵین و لەسەر بەدواداچوونی ورد و چڕکردنەوەی فشارەکان بەردەوام دەبین تا بەدەستهێنانی تەواوی مافە داراییەکانی خانەنشینان.
218 جار خوێندراوەتەوە