عێراق دەیەوێت لە رێگەی تەنکەرەوە نەوتی باشوور هەناردەی بەندەری جەیهان بکات

KNN : Kurdish News Network
02:05 - 23/08/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، پلانێکی نوێی بۆ زیادکردنی قەبارەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بۆ 750 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕاگەیاند، کە لە ڕێگەی تانکەرەوە لە کێڵگەکانی باشوورەوە دەگوازرێتەوە. هاوکات پلانی زیادکردنی هەناردەش لەرێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە بەردەوامە کە قەبارەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.

 

سەلیم ڕکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوت لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پلانی وەزارەت بریتییە لە زیادکردنی قەبارەی هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە تێکڕای 750 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەرێگەی گواستنەوەی نەوتی باشوور بە تانکەر، سەرەڕای زیادکردنی هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە."

 

ڕکابی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕێککەوتنانەی لە ئێستادا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کراون بۆ زیادکردنی هەناردە، پێداویستییەکانی بازاڕ و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دابین دەکەن کە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە دروستبووە، بەتایبەت دوای ئەو کرانەوەیەی لە هەناردەی بەندەرەکانی باشووردا دروستبووە.

 

وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاشکراشیکرد، پلانی داهاتوویان بریتییە لە ڕاکێشانی بۆری نەوتی (بەسرە - حەدیسە - جەیهان) و (حەدیسە - بانیاس)، جەختیشیکردەوە کە وەزارەتەکەیان هەوڵدەدات قەبارەی داهاتە داراییەکانی لە ڕێگەی زیادکردنی هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکان و گۆگردەوە بەرزبکاتەوە، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی خەزێنەی گشتیی دەوڵەت.

259 جار خوێندراوەتەوە