سەرەڕای سزاکان داهاتی نەوتی ئێران 50٪ زیادی کردووە

KNN : Kurdish News Network
09:13 - 23/08/2026
ئابوری
+
-

بانکی ناوەندیی ئێران ڕایگەیاند، وەزارەتی نەوتی وڵاتەکەی بڕی 7.5 ملیار دۆلاری خستووەتە سەر هەژمارە فەرمییەکەی، کە پێکدێت لە داهاتی فرۆشی نەوت و دراوی بیانی لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵی هەتاویدا. ئاماژەی بەوەش کردووە، قەبارەی ئەو پارەیەی خراوەتە سەر هەژمارەکەیان بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، بەڕێژەی لەسەدا 50 زیادی کردووە.

 

بەپێی لێدوانی دەسەڵاتدارانی ئێران، ئامانج لەو پارەیە پاڵپشتیکردنی خەرجییەکانی حکومەت و دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵاتە لە دراوی بیانی، پێشبینیش دەکرێت ئەو بڕە بەشی پڕکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت بکات تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو.

 

ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە، ئێران بەهۆی سزاکان و گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانەوە ڕووبەڕووی فشاری ئابووریی توند بووەتەوە. پێشتریش عەبدولناسر هیممەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران ڕایگەیاندبوو: "لە سایەی توندبوونەوەی سزاکان و فشارە سەربازی و هەرێمییەکاندا، هەناردەی ئێستای نەوت بۆ سفر دابەزیوە".

 

هیممەتی ئاماژەی بەوەش کردبوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە بلۆککردنی بەشێک لە یەدەگی دارایی و دراوی بیانیی ئێران لە دەرەوەی وڵات، سەرباری ئەوەی بەپێی لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو ئامادە نییە ئەو پارانە ئازاد بکات.

 

هاوکات، دابەزینی داهاتی ئێستای نەوت لەگەڵ کەمبوونەوەی داهاتی باج و دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا یەکدەگرێتەوە، ئەمەش فشارەکانی سەر بودجەی وڵات زیاتر دەکات و حکومەت ناچار دەکات بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا بگەڕێت بۆ دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکان و پارەدارکردنی خەرجییە گشتییەکان.

249 جار خوێندراوەتەوە