وەزارەتی
دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دۆسیەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی
ڕێکخراوەکانی (هەڵوەشاوە)ی بە یەکجاری یەکلایی کردەوە و بڕیاریدا بە پێدانی تەواوی
مافەکانی ڕاژەی شارستانی و خانەنشینی پێیان، بە جۆرێک لەمەودوا هاوشێوەی
فەرمانبەرانی میلاکی هەمیشەیی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
بەپێی گشتاندنی
دارایی ژمارە (6)ی ساڵی 2026 کە لە ڕێکەوتی 19 ی ئابی 2026 بە واژووی ئاوات جەناب
نووری، وەزیری دارایی و ئابووری دەرچووە، بڕیار دراوە ئەو فەرمانبەرانە بە هەمان
پلە، ناونیشانی وەزیفی، مووچە و دەرماڵەی ئێستایان بەردەوام بن. هۆکاری ئەمەش بۆ
ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناویان لە لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025دا لە
وەزارەتی دارایی فیدراڵ جێگیر کراوە.
لە بەشێکی
دیکەی گشتاندنەکەدا هاتووە، لە قۆناغی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بۆ ڕێکخستنەوەی
وەزیفەی گشتی و ڕاستکردنەوەی پلە و مووچە لە سەرتاسەری هەرێم، ئەم فەرمانبەرانە بێ
جیاوازی و بە هەمان پێوەر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. هەروەها ماوەی خزمەتیان لە
بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخراوەکان بە خزمەتی خانەنشینی هەژمار دەکرێت، لەو ڕۆژەی
مووچەیان وەرگرتووە و لێبڕینی مانگانەی خانەنشینییان لێ وەرگیراوە، و لە کاتی
گەیشتن بە تەمەنی یاسایی، لەسەر بنەمای پلە و مووچەکەیان و لە ژێر ڕۆشنایی یاسای
بەرکاردا خانەنشین دەکرێن.
382 جار خوێندراوەتەوە