ئاژانسی فەرمیی
هەواڵی ئێران (ئیرنا)، ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە؛ لەسەر داوای حکومەتی عێراق، ئێران
ڕێگەی داوە بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببن.
ئاژانسە
ئێرانییەکە هیچ وردەکارییەکی زیاتری سەبارەت بە ژمارەی نەوتهەڵگرەکان، سروشتی
بارەکەیان، یان ئەو لایەنە فەرمییەی داواکارییەکەی پێشکەش کردووە، ئاشکرا
نەکردووە، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق داوای لە تاران کردبوو ڕێگە بەو کەشتییانە
بدات کە نەوتی عێراق دەگوازنەوە لە گەمارۆ دەریاییەکە دەرباز بن.
پەیوەست بەم
پرسە، هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، ڕۆژی هەینی
لە میانی سەردانەکەی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئێران بۆ بەغداد،
لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمزیان لەسەر عێراق تاوتوێ کردووە و جەختیان لەوە
کردووەتەوە کە دەبێت هەناردەی نەوتی عێراق "تایبەتمەندی" پێبدرێت.
حەلبوسی
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئاستی میللی و حکومیدا گلەیی هەبووە لەوەی لە سایەی قەیرانی
گەرووی هورمزدا ڕەچاوی تایبەتمەندی هەناردەی نەوتی عێراق نەکراوە، هاوکات لایەنی
ئێرانی لەم تێڕوانینە تێگەیشتووە و قالیباف بەڵێنی داوە لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ تاران
دۆسیەی هەناردەی نەوتی عێراق تاوتوێ بکات.
ئەم بڕیارە لە
کاتێکدایە، داتاکانی کەشتیوانیی دەریایی ئاماژە بە پاشەکشەی بەرچاوی جووڵەی
کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دەکەن بەهۆی ڕاوەستانی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و
ئەمریکا؛ بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای "کپلەر"، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو
تەنها حەوت کەشتیی بارهەڵگر لە گەرووەکەوە تێپەڕیون.
172 جار خوێندراوەتەوە