پەرلەمانتارێکی
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆکردنەوەی زیاتر لە 30 واژۆی
پەرلەمانتارانی ئاشکرا کرد، بەمەبەستی کەمکردنەوەی تێچووی دەرکردنی پاسپۆرتی
عێراقی.
ئیبتیسام
هیلالی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا
ڕایگەیاند: لە ڕێگەی ئەو واژۆیانەوە، پەرلەمان هەوڵدەدات بڕیارێک دەربکات و
نووسراو ئاراستەی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی ناوخۆ بکات بۆ کەمکردنەوەی تێچووی
دەرکردنی پاسپۆرت بۆ هاووڵاتییان.
ئاماژەی بەوەش
کرد، بەپێی یاسای پاسپۆرت، تێچووی بنەڕەتی بۆ دەرکردنی پاسپۆرتی ئاسایی و
ئەلیکترۆنی 25 هەزار دینارە، بەڵام لە ئێستادا تێچووەکەی دەگاتە 91 هەزار دینار،
کە ئەمەش جێگەی قبوڵ نییە و پێچەوانەی یاساکەیە.
هیلالی
ڕوونیشیکردەوە، داواکارییەکە بە واژۆی پەرلەمانتارانەوە بە فەرمی پێشکەش بە سەرۆکی
پەرلەمان دەکرێت، بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی داهاتووەوە و
گفتوگۆی لەسەر بکرێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەرکردنی بڕیاری کەمکردنەوەی ڕسووماتی
پاسپۆرت.
ئەمەش لە
کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، پێوەرەکانی "هێنلی" بۆ پۆلێنی پاسپۆرت
لە ساڵی 2026دا دەریخست، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا پاسپۆرتی عێراقی لە ڕیزبەندی
سێیەم لاوازترین پاسپۆرتەکانی جیهاندایە و هەڵگرەکەی تەنها دەتوانێت گەشت بۆ 28
وڵات بکات بەبێ ڤیزەی پێشوەختە یان بە ڤیزەی کاتی گەیشتن.
221 جار خوێندراوەتەوە