گۆڕانکاری لە کات وشوێنی پێدانی بەنزین بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
09:00 - 19/08/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی ئیدارەی گەرمیان، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە پرۆسەی دابەشکردنی بەنزیندا دروست بوون، ڕێنماییەکی نوێی تایبەت بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و هەڵگرانی تابلۆی کاتی بڵاوکردەوە و کات و شوێنی پێدانی بەنزینی پێیان دیاری کرد.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە سبەی پێنجشەممەوە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و ئەوانەی تابلۆی کاتییان هەیە بە هەموو جۆرەکانیانەوە، تەنها لە وێستگە و ڕۆژە دیاریکراوەکاندا دەتوانن بەنزین وەربگرن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا خشتەی پێدانی بەنزین بەو ئۆتۆمبێلانە بەم شێوەیە دیاری کراوە: لە قەزای کەلار تەنها لە وێستگەکانی (مرواری و گردەگۆزینە) لە ڕۆژانی یەکشەممە و پێنجشەممە دەبێت، لە ناحیەی ڕزگاری تەنها لە وێستگەی (دەروو) لە ڕۆژانی سێشەممە دەبێت، هەروەها لە قەزای کفریش تەنها لە وێستگەی (میر) لە ڕۆژانی چوارشەممە بەنزینیان پێ دەدرێت.

 

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی گەرمیان هۆشداری دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە جگە لەو وێستگە و کاتە دیاریکراوانە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت هیچ ئۆتۆمبێلێکی بێسەرەتا لە وێستگەیەکی دیکە یان کاتێکی تردا بەنزین وەربگرێت.

424 جار خوێندراوەتەوە