سومیە غانم
جبوری، پەرلەمانتاری پارێزگای نەینەوا، هۆشداری دەداتە پارێزگاری شارەکە لە
مەترسیی ژێرئاوکەوتنی دوو گوند بەهۆی دزەکردنی ئاو لە بەنداوی موسڵەوە، و داوای
دەستێوەردانی بەپەلە دەکات بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشەکە.
بەپێی
نووسراوێکی فەرمی کە ئاراستەی پارێزگاری نەینەوا کراوە و وێنەیەکی بەردەستە، ئەو
پەرلەمانتارە ئاشکرای کردووە، بەهۆی دزەکردنی ئاو لە بەنداوی موسڵەوە، ئاستی ئاو
بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمەش بووەتە هۆی پچڕانی ڕێگای سەرەکیی نێوان هەردوو
گوندی (مەحویراتی باکوور و باشوور).
لە
نووسراوەکەدا هاتووە، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی
ئەو دوو گوندە دروست کردووە، بەتایبەتی کە وەرزی نوێی خوێندن نزیک بووەتەوە و ترس
لەسەر سەلامەتیی منداڵان هەیە، هاوکات هۆشداری دراوە لە مەترسیی نوقمبوونی ئاژەڵ و
لەناوچوونی ماڵ و سامانی هاوڵاتییان.
لە کۆتایی
نووسراوەکەیدا، سومیە غانم جبوری داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بەپەلە
تیمەکانیان ڕەوانەی ناوچەکە بکەن و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی
مەترسییەکە و چارەسەرکردنی هۆکارەکانی دزەکردنی ئاوەکە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە
کارەساتێک بکرێت.
276 جار خوێندراوەتەوە