بەغدا هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی کۆڕەک تلیکۆم

KNN : Kurdish News Network
07:55 - 19/08/2026
کوردستان
+
-

کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی هێڵی (کۆڕەک تلیکۆم) و داوایان لێدەکات بەپەلە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی هەژمارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان، پێش ئەوەی گەیشتنی کورتەنامەی سەلماندن (SMS) لەسەر هێڵەکانیان ڕابگیرێت.

 

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، کۆمیسیۆنەکە ڕوونیکردووەتەوە؛ ئەو پلاتفۆرم و ئەپانەی ڕێگە بە تۆمارکردنی زیاتر لە ژمارەیەک دەدەن، پێویستە بەکارهێنەران ژمارەیەکی دیکەی سەر بە کۆمپانیا ڕێگەپێدراوەکانی عێراق لە پاڵ ژمارەکەی کۆڕەک زیاد بکەن. سەبارەت بەو ئەپانەش کە تەنها یەک ژمارە وەردەگرن، داوا کراوە بۆ مەبەستی سەلماندن و گەڕاندنەوەی هەژمارەکان، ژمارەکان بگۆڕدرێن بۆ هێڵەکانی (ئاسیاسێڵ یان زەین)، لەگەڵ هێشتنەوەی ژمارەکەی کۆڕەک و دەستبەردارنەبوون لێی ئەگەر گونجاو بوو.

 

هاوکات، کۆمیسیۆنەکە داوای کردووە هاوڵاتییان پشتبەستن بە کورتەنامە کەم بکەنەوە و لەبری ئەوە ئیمەیڵ یان ئەپەکانی سەلماندن (Authenticator) وەک جێگرەوە بەکاربهێنن. جەختیشیکردووەتەوە، نابێت چاوەڕێ بکەن تاوەکو نامەکانیان بۆ نایەت، بەڵکو دەبێت بەپەلە ئەم ڕێکارانە بگرنەبەر بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کێشەی چوونەژوورەوە و لەدەستدانی هەژمارەکانیان بۆ دروست نەبێت.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم ڕێوشوێنانە بە مانای وازهێنان نییە لە هێڵەکانی کۆڕەک، بەڵکو هەنگاوێکی خۆپارێزییە بۆ پاراستنی داتای بەکارهێنەران، کە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ڕێکارە یاسایی و ڕێکخستنەکانی کۆمیسیۆن بەرامبەر بە کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم.

647 جار خوێندراوەتەوە