دادگای فیدراڵی سکاڵای مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی تایبەت بە پلەبەرزکردنەوە ڕەتکردەوە

KNN : Kurdish News Network
05:12 - 19/08/2026
عێراق
+
-

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پرسی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، کەیسەکە لە دەرەوەی تایبەتمەندییەکانی دادگاکەیە.

 

ئەمڕۆ، دادگای فیدراڵی دانیشتنێکی بۆ تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایە بەڕێوەبرد کە لەلایەن ژمارەیەک لە فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازییەوە دژی هەریەک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێگرەکەی و وەزیری دارایی تۆمارکرابوو. سکاڵاکاران داوایان لە دادگا کردبوو کە بە بڕیارێکی یاسایی، حکومەتی هەرێم پابەند بکات بە گەڕاندنەوەی مافی پلەبەرزکردنەوەیان.

 

پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ماوەی 11 ساڵە بە بیانووی قەیرانی داراییەوە ڕاگیراوە. لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆشدا، پاش دادبینی بۆ کەیسەکە، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە ڕەتکردنەوەی سکاڵاکە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پرسە لە دەرەوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی دادگای فیدراڵیدایە.

145 جار خوێندراوەتەوە