وەزارەتی دارایی: پارەی مووچەی مانگی تەممووز خرایە سەر هەژماری وەزارەت

KNN : Kurdish News Network
01:06 - 17/08/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکە، هاوکات ئاشکرای دەکات، پاش وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی کاش، لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، بڕی 830 ملیار و 782 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران و مووچەخۆران، بە فەرمی خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ مانگی تەممووز، لە کۆی گشتیی تەمویلەکە بڕیوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە چوارچێوەی تەمویلی مووچەی ئەو مانگەدا، بڕی سێ ملیار و 326 ملیۆن و 931 هەزار دینار نەنێردراوە، کە تایبەتە بە پڕکردنەوەی شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان.

108 جار خوێندراوەتەوە