حکومەتی عێراق
بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی دۆسیەی داهاتە داراییەکان و پاراستنی سامانی گشتی، کۆمەڵێک
ڕێکاری خێرا دەگرێتەبەر کە ڕێکخستنی کاری گومرگی لە هەرێمی کوردستان و
کۆنتڕۆڵکردنی باج لەسەر حەواڵە داراییەکانی دەرەوە لەخۆدەگرێت.
لەو
چوارچێوەیەدا، د. سامر قاسم داود، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق
ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا هەنگاوە کردارییەکانی
پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی (ئۆتۆمەیشن)ـی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات،
بەمەبەستی ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ بەتەواوی لە سەرجەم مەرزەکاندا جێبەجێ بکرێت.
سەرۆکی دەستەی
گشتیی گومرگەکان بە ڕۆژنامەی (سەباح)ـی فەرمیی ڕاگەیاندووە: بە ڕاسپاردەی سەرۆک
وەزیران و وەزیری دارایی، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراوە و تێیدا واژۆ لەسەر کۆنووسێکی
هاوبەش کراوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ پەسەندکردنی نەخشەڕێگایەک لە کۆبوونەوەی
داهاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا، کە تیایدا هاوتەریب لەگەڵ بەئەلیکترۆنیکردنی
دەروازە فەرمییەکان، سەرجەم دەروازە نافەرمییەکانیش دادەخرێن.
سامر داود
جەختی لەوەشکردەوە، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی لانی کەم (50٪)ـی
داهاتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر خەزێنەی دەوڵەت، کە ئەمەش
داهاتەکانی ناوەند و هەرێم بەهێزتر دەکات.
لە لایەکی
دیکەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێنمایی داوە کە لە یەکی ئەیلوولی داهاتووەوە باج و
ڕسووماتی گومرگی بە شێوەی پێشوەختە لە حەواڵە داراییەکانی دەرەوە ببڕدرێت و وەک
ئەمانەت لای حکومەت تۆمار بکرێت.
189 جار خوێندراوەتەوە