دژەتیرۆری کوردستان: لە دیوی ئێرانەوە بە دوو درۆن هێرشکرایە نوسینگەی سەرۆکوەزیران

KNN : Kurdish News Network
10:43 - 17/08/2026
کوردستان
+
-

دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دژەتیرۆری کوردستان، کاتژمێر (00:28)ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (17ی ئابی 2026)، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی سەر بە پارێزگای هەولێر کراون.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، خۆشبەختانە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام جەخت دەکەنەوە کە "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین"، هاوکات تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیان خستووەتە ئەستۆی ئەنجامدەرانی.

124 جار خوێندراوەتەوە