جڤاتی نیشتمانیی: چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانی خزمەتگوزاری و سوتەمەنی بدۆزرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
02:49 - 15/08/2026
کوردستان
+
-

جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا و جەختی لەسەر گرتنەبەری سیاسەتی بێلایەنیی ئەرێنی بۆ هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانی خزمەتگوزارییەکان کردەوە.


ئەمڕۆ شەممە (١٥ی ئابی ٢٠٢٦)، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی لە شاری سلێمانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندنی واقیعییانە بۆ ڕووداوەکانی ناوچەکە و پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا، هاوکات جەخت لەسەر گرتنەبەری سیاسەتی "بێلایەنیی ئەرێنی" بۆ کورد کرایەوە، وەک بژاردەیەکی عەقڵانی بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و دوورخستنەوەی هەرێم لە ئاگری جەنگی ناوچەکە.


لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جڤاتەکە بە نیگەرانییەکی قووڵەوە گفتوگۆی لەبارەی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە بەرۆکی هاووڵاتییانی گرتووە. لەم ڕووەوە، بە ئەرکێکی لەپێشینە زانرا کە بەپەلە چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە، بەتایبەت باشترکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا، ئاو و سووتەمەنی. ئەوەش خرایەڕوو کە ئەم خزمەتگوزارییانە مافی سەرەتایی و دانەبڕاوی خەڵکن و ناکرێت لەژێر هیچ پاساوێکدا فەرامۆش بکرێن، یان وەک بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان بهێڵرێنەوە.


سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەکەش، هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانە بۆ دۆخی ڕێکخراوەیی و دوایین گۆڕانکارییەکان کرا. جڤاتی نیشتمانی جەختی لە پێویستیی خێراکردنی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای سەرجەم دامەزراوەکان، ژوورەکان و مەکۆکانی بزووتنەوەی گۆڕان کردەوە بۆ قۆناغی داهاتوو.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە

ئەمڕۆ، شەممە (١٥ی ئابی ٢٠٢٦)، جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی لە شاری سلێمانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێ دا. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکرێکردنی دوایین پێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە، لەپاڵ هەڵوەستەکردن لەسەر ئەو قەیرانە ناوخۆییانەی بەرۆکی هاونیشتمانیانیان گرتووە.


لە سەرەتادا، جڤاتی نیشتمانی بە خوێندنەوەیەکی واقیعییانە هەڵسەنگاندنی بۆ ڕووداوەکانی ناوچەکە کرد. لەو بارەیەوە جەخت لەسەر گرتنەبەری سیاسەتی "بێلایەنیی ئەرێنی" بۆ کورد کرایەوە، وەک تاکە بژاردەی عەقڵانی بۆ زامنی پاراستنی دەستکەوتەکان و دوورخستنەوەی هەرێم لە ئاگری جەنگ و پارێزگارییکردن لە دەستکەوتە نەتەوەییەکان.


کۆبوونەوەکە بە نیگەرانییەکی قووڵەوە گفتوگۆی لەبارەی ئەو قەیرانە یەک لەدوای یەکانە کرد، کە بەرۆکی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی گرتووە. لەو بارەیەوە ئەرکی لەپێشینە دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی و خێرایە بۆ کێشەکان؛ بەتایبەتیش باشترکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک (کارەبا، ئاو، و دابینکردنی سووتەمەنی). ئەم خزمەتگوزارییانە مافی سەرەتایی و دانەبڕاوی خەڵکن و ناکرێت لەژێر هیچ پاساوێکدا فەرامۆش بکرێن، یان وەک بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان بهێڵرێنەوە.


لە کۆتایدا، هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانە بۆ دۆخی ڕێکخراوەیی و دوایین گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان کرا. جەخت لەسەر پێویستیی خێراکردنی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدائی سەرجەم دامەزراوەکان، ژوورەکان، مەکۆکان و ئۆرگانەکانی دیکەی بزووتنەوەکە کرایەوە.


جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان
١٥ی ئابی ٢٠٢٦

219 جار خوێندراوەتەوە