پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری بۆ کەمکردنەوەی مووچەی پلە باڵاکان دەکات

KNN : Kurdish News Network
09:33 - 10/08/2026
ئابوری
+
-

  ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کار بۆ پەسەندکردنی پێشنیازێک دەکەن بەمەبەستی کەمکردنەوە و ڕێکخستنی مووچەی سەرۆکایەتییەکان و پلە باڵاکان. لە هەمان کاتدا، لیژنەی یاسایی پەرلەمان ڕاستیی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکەن هەر (45) ڕۆژ جارێک، و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دواکەوتنی مووچە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بە واتای گۆڕینی مافی مانگانەی فەرمانبەران نایەت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە داواکارییەکان بۆ چارەسەرکردنی بەهەدەردان و گەندەڵی و پێداچوونەوە بە پەیژەی مووچەدا زیاتر دەبن، بە ئامانجی هێنانەکایەی چاکسازییەکی دارایی کە هاووڵاتییان هەستی پێبکەن.

 

لەو بارەیەوە، محەممەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە ڕۆژانی داهاتوودا لیژنەکەمان پێشنیازی کەمکردنەوەی مووچە و دیاریکردن و ڕێکخستنی مووچەی سەرۆکایەتییەکان دەگرێتە ئەستۆ"، و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم هەنگاوە دەتوانێت بەشداربێت لە بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتییان و هەستکردنیان بە بوونی چاکسازییەکی ڕاستەقینە.  

 

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، "دەبێت دەستپێکی چاکسازییەکان لە سەرۆکایەتییەکان و پلە باڵاکانەوە بێت، لە پلەی وەزیرەوە تا دەگاتە بەڕێوەبەری گشتی، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ فەرمانبەرانی دیکە، بە جۆرێک کە دادپەروەری تێدا بەدیبهێنرێت."

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ڕەتیشیکردەوە ئەو دەنگۆیانەی باس لە "دابەشکردنی مووچە هەر 45 ڕۆژ جارێک" دەکەن ڕاست بن و ڕوونیکردەوە: "دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە بەو واتایە نایەت کە مانگێک گۆڕابێت بۆ ئەو ماوەیە، بەڵکو دواکەوتنێک لە خەرجکردندا هەیە بەهۆی دۆخی داراییەوە ."  

 

دووپاتیشیکردەوە، فەرمانبەر مافی وەرگرتنی مووچەی 12 مانگی هەیە و ناکرێت مووچەکانی لەوە کەمتر بێت. باسی لەوەشکرد کە قەیرانی دارایی لەئارادایە و لەوانەیە ببێتە هۆی دواکەوتنی مووچە، بەجۆرێک کە هێشتا چەندین فەرمانگە بەهۆی ناسەقامگیریی داراییەوە مووچەی فەرمانبەرانیان وەرنەگرتووە، بەڵام ئەمە هیچ لە مافی شایستەیی مانگانەی فەرمانبەر ناگۆڕێت.

 

خەفاجی جەختی لەوەش کردەوە: "چارەسەرکردنی قەیرانەکە مەرج نییە پێویستی بە یاسایەکی نوێ بێت، بەڵکو پێویستی بە ڕاگرتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵییە لەناو فەرمانگەکانی دەوڵەتدا." ئاماژەی بە بوونی بەهەدەردانێکی گەورە کرد لە تەندەرەکان و پڕۆسەکانی کڕیندا، سەرباری چەندین دۆسیەی دیکە کە دەکرێت لە ڕێگەی یاسا و چاودێرییەوە چارەسەر بکرێن. لە کۆتاییشدا ئاماژەی بە گرنگیی بەرزکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان کرد وەک سەرچاوەیەکی یارمەتیدەر بۆ ئابووری، و ڕوونیکردەوە کە چارەسەرکردنی دۆخی دارایی پێویستی بە وەستاندنی گەندەڵی، چاکسازی لە پەیژەی مووچە و دروستکردنی هاوسەنگییە لە نێوان مووچە و تەرخانکراوە دارایەکاندا.

614 جار خوێندراوەتەوە