بانکی ناوەندیی
عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند؛ کۆی گشتیی ئەو قەرزانەی لە چوارچێوەی
دەستپێشخەریی "چوار ترلیۆن دینار"دا دراون، لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە
نزیکەی 4.195 ترلیۆن دینار و بەسەر پڕۆژەی جیاوازی وەبەرهێنان و کەسیدا دابەشکراون.
بەپێی ئەو
داتایانەی لە بانکی ناوەندییەوە دەرچوون و میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردووەتەوە،
ئەو قەرزانەی بۆ پڕۆژە گەورەکان (کە بەهاکەیان لە یەک ملیار دینار تێدەپەڕێت)
تەرخانکراون، پشکی شێریان بەرکەوتووە کە بڕەکەی زیاترە لە 2.211 ترلیۆن دینار، لە
کاتێکدا قەرزی پڕۆژە بچووکەکان گەیشتووەتە نزیکەی 249.6 ملیار دینار.
پارەدارکردنی
پڕۆژە گەورەکان بەسەر چەندین بواری گرنگدا دابەشکراون کە دیارترینیان هەردوو کەرتی
بازرگانی و پیشەسازین، لە بەرامبەریشدا پڕۆژە بچووکەکان کەرتەکانی خزمەتگوزاری،
پیشەسازی، کشتوکاڵی و بازرگانییان گرتووەتەوە.
داتاکان
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، دەستپێشخەرییەکە پێدانی قەرزی ئاسانکاریی کەسی بە بڕی 5.6
ملیار دینار لەخۆگرتووە، لەپاڵ پارەدارکردنی پڕۆژەکانی کارسازی. ئاماژە بەوەش
کراوە کە بڕی پارەدارکردنەکە لە زیادبووندایە لەگەڵ بەردەوامیی دابەشکردنی قەرزی
نوێ بەسەر کەرتەکانی دیکەدا.
377 جار خوێندراوەتەوە