وەزارەتی کارەبا: پارەی کارەبای نیوەی هاووڵاتیان کەمتر لە 34 هەزار دینار بووە

KNN : Kurdish News Network
11:43 - 13/08/2026
ئابوری
+
-

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، داتای پسوولەکانی مانگی شەشی لە چوارچێوەی "پڕۆژەی ڕووناکی" بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت؛ تێچووی کارەبای نیوەی هاووڵاتییان لەو مانگەدا کەمتر لە 34 هەزار دینار بووە. هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٪90ی هاووڵاتییان لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە کارەبای 24 کاتژمێرییان پێگەیشتووە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، ماوەی سووڕی پسوولەی زۆرینەی هاووڵاتییان نزیکەی 43 ڕۆژ بووە، تێکڕای بەکارهێنان و تێچووی کارەبای نیوەی ماڵەکانیش بەپێی پارێزگاکان جیاوازی هەبووە. لە پارێزگای هەڵەبجە کەمترین تێچوو تۆمارکراوە کە 27 هەزار دینار بووە بەرامبەر بە 368 کیلۆوات کاتژمێر کارەبا، پاشان لە سلێمانی 30 هەزار دینار بەرامبەر بە 418 کیلۆوات کاتژمێر بووە، لە هەولێر 36 هەزار دینار بەرامبەر بە 480 کیلۆوات، وە لە دهۆکیش 38 هەزار دینار بووە بۆ بەکارهێنانی 516 کیلۆوات کاتژمێر.

 

وەزارەتەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، کێشەی سفربوونی پسوولە بۆ بەشێک لە هاوبەشان چارەسەرکراوە و ئەوانی دیکەش لە سووڕەکانی داهاتوودا چارەسەر دەکرێن. هەروەها جەخت لە بڕیارەکەی پێشووتری حکومەتی هەرێم دەکاتەوە سەبارەت بە لێخۆشبوونی تاوەکو ٪50 لە قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناکی و هۆشداری دەدات کە ئەمە دەرفەتێکی یەکجارەییە بۆ دانەوەی قەرزەکان و بەهیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی ئەو نرخە نوێیانەی لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا پەسەند کران، ٪80ی هاووڵاتییان و بەتایبەتی کەمدەرامەتان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر دەدەن بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بۆ مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی دەیاندا. بڕیاریشە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان دابین بکرێت.

234 جار خوێندراوەتەوە