لەماڵی بەرپرسێکدا دەست بەسەر 5 ملیۆن دۆلار و بڕێکی زۆر زێڕدا گیرا

KNN : Kurdish News Network
12:24 - 16/08/2026
عێراق
+
-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر پارە و زێڕی لە ماڵەکانی بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن ڕاگەیاند، کە ناوبراو تۆمەتبارە بە دۆسیەکانی گەندەڵی و خۆدەوڵەمەندکردنی نایاسایی.

 

لە ڕاگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکیدا هاتووە، تیمەکانیان توانیویانە لە چەند ماڵێکی (خالید غەزای عەتیە)، بریکاری وەزارەتی کارەبا، کە تۆمەتبارە بە گەندەڵی و قازانجی نایاسایی، دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارە و چەندین قاڵب و پارچە زێڕدا بگرن.

 

دەستەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، پڕۆسەکە بەپێی فەرمانێکی دادوەری و دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی بەغدا جێبەجێ کراوە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێشتریش فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو تۆمەتبارە دەرچووە و لە چەند ماڵێکی ئەودا ئەو بڕە پارە و زێڕانە دۆزراونەتەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو سەروەتەی دەستی بەسەردا گیراوە پێکهاتووە لە ملیارێک و 175 ملیۆن دیناری عێراقی، لەگەڵ پێنج ملیۆن و 839 هەزار دۆلاری ئەمریکی، سەرباری حەوت قاڵب و پارچەی زێڕ. هاوکات پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە و خراوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان.

159 جار خوێندراوەتەوە