بەپەلە

لە هەفتەی داهاتووەوە پلەکانی گەرما روو لەدابەزین دەکەن

KNN : Kurdish News Network
11:00 - 12/08/2026
عێراق
+
-

دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات لە ڕۆژانی داهاتوودا پلەکانی گەرما بەرزببنەوە، بەڵام لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە شەپۆلێکی کەمبوونەوەی گەرما ناوچە جیاوازەکان دەگرێتەوە، بەجۆرێک بەرزترین پلەی گەرما لەنێوان 41 بۆ 50 پلەی سیلیزیدا دەبێت.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سبەینێ پێنجشەممە، کەشوهەوا بەگشتی ساماڵ و گەرم دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک پەڵەهەور لە بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوچەکانی باکوور و باشوور.

 

 هەروەها خێرایی با لە ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاست مامناوەند دەبێت. سەبارەت بە ڕۆژی هەینی، کەشوهەوا بەهەمان شێوە گەرم دەبێت و پلەکانی گەرماش نزیک دەبن لە تۆمارەکانی ڕۆژی پێشووتر، لەگەڵ بوونی بای باکووری خۆرئاوا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور.

 

سەبارەت بە کەشوهەوای ڕۆژی شەممە، دەستەی کەشناسی پێشبینی دەکات کەشەکە بەتەواوی ساماڵ و گەرم بێت و پلەکانی گەرماش کەمێک بەراورد بە ڕۆژی پێشووتر بەرزببنەوە. بەڵام بۆ ڕۆژی یەکشەممە، پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست کەمێک نزم دەبنەوە و لە ناوچەکانی باکوور و باشووریش جێگیر دەبن بێ ئەوەی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا بێت.

540 جار خوێندراوەتەوە