بەپەلە

ڤێتۆی ئەمریکا پرۆسەی تەواوکردنی کابینەکەی عەلی زەیدی رادەگرێت

KNN : Kurdish News Network
09:19 - 12/08/2026
عێراق
+
-

سەرچاوە سیاسییەکان ئاشکرایان کرد، بەهۆی ڤێتۆی ئەمریکاوە راوێژەکان بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی کابینەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق راگیراون، چونکە واشنتۆن پێیوایە چەککردنی گروپە چەکدارەکان لە پێشینەی کارەکانە و گرنگترە لە تەواوکردنی کابینەی حکومەت، ئەمەش رووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی توندی ئێران بووەتەوە.

 

عەلی زەیدی، ئێوارەی دووشەممە لە میانەی کۆبوونەوەیەکی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، نزیکبوونەوەی وادەی تەواوکردنی کابینە حکومییەکەی راگەیاند، کە لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە بە (14) وەزارەت پێکهێنراوە و نۆ پۆستی وەزاری تا ئێستا بەتاڵن، لەنێویاندا وەزارەتە سیادییەکانی وەک بەرگری، ناوخۆ، خوێندنی باڵا، و پلاندانان. بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتەکانی ناوخۆ لە هەردوو ئاستی حکومی و یاسادانان کراوە.

 

سەرەڕای ئەوەی لە خولەکانی پێشوودا زۆرجار پەرلەمان متمانەی بە کابینەی ناتەواو بەخشیوە بەهۆی ململانێی لایەنەکان لەسەر پشکی وەزاری، بەڵام بە وتەی سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی کە قسەی بۆ شەرقوڵئەوسەت کردووە، بارودۆخی پێکهێنانی کابینەکەی زەیدی زۆر ئاڵۆزترە و رەنگە مانەوەی پۆستەکان بە بەتاڵی بۆ چەندین مانگی داهاتوو بەردەوام بێت.

 

سەرکردەکەی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی روونیکردەوە، ناکۆکییەکانی سەر پۆستەکان هۆکارێکی کاتیین بۆ دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، بەڵام دەستوەردانەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی لە حکومەتەکەی زەیدیدا، رەنگە پرۆسەکە بۆ چەند مانگێکی دیکە دوابخات. جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگیدا باس لە ڤێتۆ و هێڵی سووری ئەمریکا و تۆم براک، نێردەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکرێت لەسەر زۆربەی ئەو ناوانەی لەلایەن چوارچێوەکەوە بۆ وەرگرتنی پۆستەکان کاندید کراون، چونکە واشنتۆن لە ئێستادا خواستی تەواوکردنی حکومەتی نییە.

 

پێشتر چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوە کردبوو کە واشنتۆن بە توندی رەتیکردووەتەوە نوێنەرانی گروپە چەکدارەکان پۆستی وەزاری وەربگرن، ئەمەش بە روونی بە عەلی زەیدی وتراوە لە میانی سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن لە مانگی تەمموزدا. لە بەرامبەر ئەو راپۆرتانەی باس لە رەتکردنەوەی کاندیدکردنی لەیس خەزعەلی دەکەن بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران لەلایەن واشنتۆنەوە، سەرکردەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژە بە سەرلێشێواوییەکی گەورە دەکات لەناو هێزەکانیاندا، چونکە ئەمریکا هێڵی سووری لەسەر زۆربەی حزب و گروپەکانی چوارچێوەکە داناوە. نموونەی بە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا هێنایەوە کە سەرەڕای نەبوونی باڵی چەکدار، رووبەڕووی تووڕەیی ئەمریکا بووەتەوە و رێگەی پێنادرێت پۆستی وەزاری وەربگرێت. پێدەچێت ئامانجی سەرەکی ئەمریکا قەتیسکردنی چەک و رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی تاران بێت لە عێراقدا، و رەنگە واشنتۆن پێی باش بێت وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ راستەوخۆ لەژێر دەستی زەیدیدا بمێننەوە.

 

لە ناوەڕاستی دەنگۆی سەردانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بۆ بەغدا بە مەبەستی رەتکردنەوەی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان، سەرچاوە سیاسییەکان پێیانوایە راگەیاندنی تەواوکردنی کابینەی حکومەت لەلایەن زەیدییەوە تەنها پاساوێکە بۆ نەگەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێرانییەکان لەسەر پرسی چەککردن و بوونی نیگەرانی لەسەر چارەنووسی خودی حکومەتەکە.

 

لە لایەکی دیکەوە، کیفاح مەحموود، راوێژکاری سیاسیی مەسعود بارزانی، پێشبینی دەکات دانوستانەکانی پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، کە هاوکاتە لەگەڵ وادەی دیاریکراوی حکومەتی بەغدا بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی چەککردنی گروپەکان. مەحموود دەڵێت: "ئەمە بەو مانایەیە کە بەغدا ملکەچی مەرجەکانی ئەمریکا بووە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گروپەکان دوای چوونە دەرەوەی دوایین سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان." هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە پارتی و یەکێتی پشتیوانییەکی جدی زەیدی دەکەن بۆ تەواوکردنی کابینەکەی، بەڵام کێشەکە پەیوەستە بە ململانێی نێوان جەمسەرەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و حزبە سوننەکان، لەگەڵ هێڵە سوورەکانی ئەمریکا کە رێگرن لە پرۆسەکە.

289 جار خوێندراوەتەوە