دەستەی گشتیی
گومرگی عێراق ئاشکرای دەکات، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، داهاتی گومرگ
گەیشتووەتە دوو ترلیۆن و نیو دینار، کە ئەمەش یەکسانە بە کۆی گشتیی داهاتی ساڵی
رابردوو و هۆکارەکەشی بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا دەگەڕێنێتەوە.
سامر قاسم
تائی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:
"داهاتی گومرگ بۆ بەرزترین ئاست بەرزبووەتەوە و تا ئێستا بڕی دوو ترلیۆن و
نیو دیناری تێپەڕاندووە". ئاماژەی بەوەش کرد، تەنها لە مانگی تەممووزی
رابردوودا داهاتی گومرگ گەیشتووەتە (500) ملیار و (600) ملیۆن دینار، کە بەراورد
بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، بە رێژەی (150%) زیادیکردووە.
بەڕێوەبەری
گشتیی گومرگ پێشبینی دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ، داهاتەکان سێ ترلیۆن و نیو دینار
تێپەڕێنن، کە دەبێتە بەرزترین ئاستی داهات لە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا.
روونیشیکردەوە، ئەم دەستکەوتە گەورەیە بەهۆی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و
بەستنەوەی ئەلیکترۆنیی سەرجەم مەرزە گومرگییە فیدراڵییەکانەوە بەدەستهاتووە.
سیستمی
ئەسیکۆدا، پرۆگرامێکی ئەلیکترۆنیی جیهانییە بۆ بەڕێوەبردنی گومرگ و لەلایەن نەتەوە
یەکگرتووەکانەوە پەرەی پێدراوە. حکوومەتی عێراق بە مەبەستی رێکخستنەوەی داهاتە
نانەوتییەکان، نەهێشتنی گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکان، شەفافیەت و رێگریکردن لە
دەستکاریکردن و ساختەکاریی پسوولەکان دەستی بە جێبەجێکردنی سیستمەکە کردووە. لە
ئێستاشدا حکوومەت هەوڵ دەدات سیستمەکە لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکان جێگیر بکات، بە
ئامانجی کۆنترۆڵکردنی یەکجاریی جووڵەی بازرگانی، کەمکردنەوەی قاچاخی و رێگریکردن
لە خۆدزینەوە لە باج.
121 جار خوێندراوەتەوە