لیژنەی باڵای
تایبەت بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەشی نێوان کۆماری عێراق و
کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، لە شاری هەولێر کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.
نووسینگەی
راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەی
باڵای تایبەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران لە هەولێر
کۆبووەتەوە، تێیدا قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆکایەتیی شاندی
باڵای ئەمنیی عێراق و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش سەرۆکایەتیی
شاندی هەرێمی کردووە.
بەپێی
راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی وردەکاری و خاڵەکانی رێککەوتنە
ئەمنییە هاوبەشەکەی نێوان هەردوو وڵات کراوە، بەتایبەت لە پرسی پاراستنی
سنوورەکان، رێگریکردن لە دزەکردن و قاچاخچێتی، هەروەها پاراستنی ئاسایش و
سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق.
لە بەشێکی
دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ ئەو خاڵانە کراوە کە تا ئێستا جێبەجێ کراون و
جەخت لە پێویستیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان حکوومەتی
فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، ئەوەش پاڵپشت بە رێنماییەکانی
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژەوەندی و سەروەریی
عێراق.
پێشتر و لە
بەیانیی ئەمڕۆ شەممەدا، قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بە سەرۆکایەتیی
شاندێکی باڵای ئەمنی، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ خاڵەکانی رێککەوتنە ئەمنییە
هاوبەشەکەی نێوان عێراق و ئێران گەیشتبووە هەولێر.
134 جار خوێندراوەتەوە