ترەمپ: لە نەتانیاهۆ توڕەبووم و پێم وت شێت

KNN : Kurdish News Network
01:43 - 03/06/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتڕاستیکردەوە کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە توندی ڕەخنەی لێگرتووە و بە "شێت" ناوی بردووە، بەڵام جەختی کردەوە کە سەرەڕای ئەو گرژییە، پەیوەندییەکی کاریی باشیان هەیە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی بەردەوامیی شەڕی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، تووڕە بووە، چونکە ئەو شەڕە دەبێتە هۆکار بۆ تێکچوونی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران.

 

سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ نیویۆرک پۆست ڕایگەیاند: "کەمێک تووڕە بووم لەوەی بەردەوام لەگەڵ لوبنان دەجەنگێت." ئەو شەڕە وایکردووە ئێران مەرجی ئەوە دابنێت کە ئیسرائیل دەستبەرداری هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا بێت، بەر لەوەی ڕێککەوتن بکرێت بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە. سەرەڕای ئەو ناکۆکییانە، ترەمپ وتی: "پێکەوە زۆر بەباشی کارمان کردووە، من حەزم لە بیبی (نەتەنیاهۆ)ـیە و پەیوەندییەکم لەگەڵیدا زۆر باشە."

 

سەبارەت بە دۆخی ئابووری و نرخی نەوت، ترەمپ گەشبینە بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لە ماوەیەکی کەمدا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئابووریی ئەمریکا خۆڕاگرە، وتیشی: "هەمووان دەیانگوت نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە 300 بۆ 400 دۆلار، بەڵام ئێستا 98 دۆلارە، کە ئەوەش نرخێکی زۆر نییە لە بەرامبەر ئەوەی ڕێگری لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە بکرێت."

 

لەبارەی ئەگەری کردنەوەی گەرووی هورمز، ترەمپ پێیوایە کە لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕەنگە هەر ئەم هەفتەیە ببێتە هۆی کردنەوەی گەرووەکە، هەرچەندە دانوستانەکان بەهۆی تێبینییەکانی ئێران و هەوڵەکانی پاراستنی گیانی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، بە خاوی بەڕێوەدەچن.

 

 ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەری هەیە گەمارۆی سەر گەرووەکە تا سەرەتای مانگی ئەیلول بەردەوام بێت، بەڵام پێیوایە کێشەکە بەمزووانە چارەسەر دەبێت و وتیشی: "دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەخێرایی لە پەرەسەندندان و ئێمە ڕێگە نادەین چەکی ئەتۆمییان هەبێت و زۆر شتی باشی دیکەش ڕوودەدەن و پێویستمان بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی نییە لە دژی ئێران".

113 جار خوێندراوەتەوە